مه‌ترسی هه‌یه‌ به‌لێشاو كه‌لوپه‌لی كوالێتی خراپ بڕژێته‌ ناو بازاڕه‌كان


حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌فه‌رمانێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی كۆنترۆڵی جۆری هه‌ڵده‌وه‌شنێته‌وه‌ و كۆنترۆڵی جۆری ده‌باته‌وه‌ بۆ خاڵه‌ سنورییه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنترۆڵی جۆری سلێمانیش مه‌ترسی ئه‌وه‌ده‌كات “كاڵای خراپ به‌م هۆیه‌وه‌ بڕژێته‌ بازاڕه‌كانی كوردستان”.

ئاسۆس كه‌مال به‌ڕێوه‌به‌ری پێوانه‌سازی‌و كۆنترۆڵی جۆری سلێمانی ئه‌وه‌ی باسكرد له‌ساڵی 2008 وه‌ چاودێری‌و كۆنترۆڵی بازرگانیان له‌سه‌ر سنوره‌كان كردوه‌و پاشان وه‌زاره‌تی دارایی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا گرێبه‌ستێكیان كرد له‌ساڵی 2012، به‌ڵام مانگی شوباتی ئه‌مساڵ حكومه‌ت ئه‌و گرێبه‌سته‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه،‌ ئاسۆس كه‌مال وتی “وه‌زاره‌تی دارایی له‌ 18ی شوباته‌وه‌ مافی ئه‌وه‌یداوه‌ به‌مه‌رزه‌كان خۆیان كۆنترۆڵی جۆری بكه‌ن‌و پاشان وه‌زاره‌تی پلاندانانیش فه‌رمانی به‌ڕاگرتنی كاركردنی ئێمه‌ له‌مه‌رزه‌كان ده‌ركرد”.

به‌ڕێوه‌به‌ری پێوانه‌سازی‌و كۆنترۆڵی جۆری سلێمانی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی له‌خراپترین كاتدابو چونكه‌ خۆی ئاماده‌ نه‌كردوه‌ بۆ كاری وه‌ها گه‌وره‌، وتیشی “چه‌ند ساڵه‌ ئێمه‌ كاری كۆنترۆڵ ده‌كه‌ین‌و تاقیگه‌مان هه‌یه‌ به‌جۆرێك توانای پشكنینی زیاتر له‌60 بابه‌تمان كردوه”.

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان به‌مزوانه‌ سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانی كوالێتی كۆنترۆڵ له‌مه‌رزه‌كانی (باشماخ‌و په‌روێزخان‌و كێلێ‌و شۆشمێ)و كۆی مه‌رزه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان به‌كۆی پێكهاته‌ی فه‌رمانگه‌كانی كوالێتی كۆنترۆڵ ده‌گوازرێنه‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی له‌سنوره‌كان كارده‌كه‌ن.  

ئاسۆس كه‌مال مه‌ترسی ئه‌وه‌ده‌كات وه‌زاره‌تی دارایی‌و پلاندانان خۆیان ئاماده‌نه‌كردوه‌ بۆ ئه‌م پرسه‌ چونكه‌ تاقیگه‌ی گه‌وره‌یان دانه‌ناوه‌و بڕیاره‌كه‌یانداوه‌، وتی “من به‌هه‌ڵه‌ی ده‌زانم تاقیگه‌ له‌مه‌رزه‌كان دابنرێت چونكه‌ به‌ڕێوه‌بردنی قورسه‌، به‌وپێیه‌ی‌ چه‌ند هه‌زار مادده‌یه‌ك یان چه‌ند سه‌د مادده‌یه‌ك هاورده‌ ده‌كرێت چۆن فریای كۆنترۆڵكردنی ده‌كه‌ویت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ كوالێتی كۆنترۆڵ بدرێته‌ كه‌رتی تایبه‌ت”.

ئامانجی حكومه‌ت له‌م پرسه‌ بۆ خێراكردنی پڕۆسه‌ی بازرگانیه‌ كه‌ ئێستا 40%ی له‌ده‌ستداوه‌، چونكه‌ به‌پێی زانیاری ئه‌و به‌رپرسانه‌ی له‌خاڵه‌ سنورییه‌كان كارده‌كه‌ن ئێستا حكومه‌ت كۆمپانیایه‌كی ناوخۆی راسپاردوه‌ به‌وه‌ی له‌سه‌ر سنوره‌كان كۆنترۆڵی ئه‌و كاڵایانه‌ بكات کە هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت له‌خاڵه‌ سنورییه‌كانی ئیبراهیم خه‌لیل‌و حاجی ئۆمه‌ران ئێستا ده‌ستبه‌كاربوە.

حسێن ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی خاڵی سنوری په‌روێزخان له‌باره‌ی داخستنی بنكه‌كانی كوالێتی كۆنترۆڵ‌و گواستنه‌وه‌یان  بۆ سه‌رمه‌رزه‌كان به‌باش ده‌زانێت، باوه‌ڕی وایه‌ خواستی خێراكردنی بازرگانی له‌نێوان هه‌رێم وڵاتان زیادده‌كات، وتی “وەک گومرگه‌كان پێمانخۆشه‌ حكومه‌ت خۆی كۆنترۆڵی خۆی بكات، چونكه‌ هه‌م داهات بۆ خۆی ده‌بێت هه‌میش كارمه‌ند‌ی خۆی به‌كارده‌هێنێت، به‌ڵام تێبینیمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كۆنترۆڵی مه‌وادی بیناسازی دراوه‌ به‌وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ كاری ئه‌وان نیه‌ چونكه‌ مادده‌ هه‌یه‌ 5 رۆژ تا 12 رۆژی پێده‌چێت تاده‌یپشكنن”.
 
به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی خاڵی سنوری په‌روێزخان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر بێت‌و كۆنترۆڵكردن له‌ده‌ستی وه‌زاره‌تی ئاواده‌نكردنه‌وه‌ نه‌هێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌ حكومه‌ت زیانن ده‌كات، وتیشی “خواستی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاستی بازرگانی به‌رزبێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا به‌خاوی به‌ڕێوه‌ده‌چێت”.

ژوری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی باسی ئه‌وه‌ده‌كات كاری كۆمپانیا بیانیه‌كان سودی به‌عێراق ده‌گه‌یاندو داواش ده‌كات كوالێتی كۆنترۆڵ بدرێته‌ ده‌ست ژوری بازرگانی سلێمانی.

سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی ئه‌وه‌ی  پشتڕاستكرده‌وه‌ له‌سه‌ر داوای بازرگانان كاری كۆمپانیا بیانیه‌كانی تایبه‌ت به‌كۆنترۆڵكردن راگیراوه‌، وتی “حكومه‌تی هه‌رێم 50 ملیۆن دۆلاری له‌پاره‌ی كۆمپانیا بیانیه‌كان وه‌رگرتوه‌ بۆ كڕینی ئامێری كۆنترۆڵی جۆری به‌ڵام پاره‌كه‌ دیارنیه‌”.
سه‌رۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات ئه‌مه‌ كاری حكومه‌ت نیه‌ ده‌بێت ئه‌م كاره‌ بدات به‌كه‌رتی تایبه‌تی راسته‌قینه،‌ وتی “ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتی ژوره‌ بازرگانیه‌كان ده‌توانین خه‌ڵكی شیاو به‌ئامێری پێشكه‌وتو بهێنین له‌ژێر چاودێری حكومه‌ت”.
 
وتیشی “ئێمه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای بیانی نین‌ چونكه‌ خۆیان شه‌راكه‌تیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیان به‌بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر، هاوكات سه‌دان كاڵا هاتوه‌ته‌ ژوره‌وه‌ به‌بێ پشكنین‌و موڵه‌ته‌كه‌ی‌ به‌پاره‌یه‌كی زۆر فرۆشراوە”.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكومه‌ت به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی باشماخ ئاستی بازرگانی خێراده‌كات، به‌ڵام رای ئاسۆس كه‌مالیش  كه‌ ئێستا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه هه‌یه‌و بڕوای وایه‌‌ ” ئه‌گه‌ری كه‌مبونه‌وه‌ی گەرەنتی كاڵای ته‌ندروست هه‌یه‌”.