كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی تونس زیانەكانی شەش مانگی رابردووی ئاشكراكرد كە نزیكەی 50 ملیۆن دۆلار دەبێت، هەربۆیە بەنیازە سەدان فەرمانبەری خۆی دووربخاتەوە لەپێناو بەرگەگرتنی ئەو ئاستەنگە ئابوورییانەی دێنە رێگەی.
بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە رابح جراد رایگەیاند لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا زیانی دارایی گەورەی بەركەوتووە بەبڕی 72 ملیۆن دیناری تونسی كە دەكاتە نزیكەی 50 ملیۆن دۆلار.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو زیانانەش، كۆمپانیاكە بڕیاریداوە بەپێكهاتەی خۆیدا بچێتەوە بۆ ساڵی 2013 بەئامانجی پارێزگاریكردن لە هاوسەنگی دارایی و پشتیوانیكردنی توانا ركابەرییەكانی و چاوخشاندنەوە بەبەرنامەكانی وەبازاڕخستن و سیاسەتەكانی وەبەرهێناندا.