كۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێل، دابەزینی قازانجی ساڵانەی راگەیاندو ئاماژەی بەوەشكرد، لەساڵی رابردوودا 10 ملیۆنو 250 هەزار ئۆتۆمبێلیان فرۆشتووە.
گروپی كۆمپانیاكانی تۆیۆتای ژاپۆنی، كە بە یەكێك لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل دادەنرێت لە جیهاندا ئاشكرایكرد، لەساڵی دارایی 2016دا كە لەمانگی ئاداری 2017دا كۆتایی هات، پوختەی قازانجی كۆمپانیاكەیان بەڕێژەی لەسەدا 21 دابەزیووەو تەنها یەك ترلیۆنو 830 ملیار یەن بووە، كە دەكاتە 16 ملیار دۆلار، ئەوەش لەكاتێكدایە كە پوختەی قازانجی ساڵی پێشتر 2 ترلیۆنو 310 ملیار یەن بووە.
تۆیۆتای ژاپۆنی كە پێشەنگی كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی بۆ ڤۆڵكس واگنی ئەڵمانی چۆڵكردووە، پێشبینی دەكات، لە ساڵی دارایی 2017دا پوختەی قازانجەكانی یەك ترلیۆنو 500 ملیار یەن بێت، كە ئەوەش زۆر دوورە لە پێشبینی بازاڕەكان كە بڕی قازانجەكانی ئەمساڵیان بە یەك ترلیۆنو 900 ملیار یەن خەمڵاندووە.
هاوكات كۆمپانیای تۆیۆتا ئاماژەی بەوەشكردووە، كە لەساڵی 2016دا ئاستی فرۆشی كۆمپانیاكەیان بەرزبۆتەوەو لەماوەی ئەو ساڵەدا 10 ملیۆنو 250 هەزار ئۆتۆمبێلیان فرۆشتووە، ئەوە لەكاتێكدایە كە لەساڵی 2015دا كۆی فرۆشی ئۆتۆمبێلەكانی تۆیۆتا گەیشتبووە 10 ملیۆنو 190 هەزار ئۆتۆمبێل.