مریشک بە نرخێکی هەرزانتر لە تێچووی بەرهەمهێنانی دەفرۆشرێت


ماوەیەكە نرخی مریشكی زیندوو كیلۆی بە دوو هەزار دینار تا دوو هەزار و ٢٠٠ دینار دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا تێچووی بەرهەمهێنانی كیلۆیەك مریشك زۆر لەمە زیاتر دەوەستێت.

خاوەن پڕۆژەكانی پەلەوەر، زۆربەی هۆكارەكان دەگەڕێننەوە بۆ بێ پلانیی حكوومەت لە چۆنیەتیی بە بازاڕكردنی مریشك و هاوردەكردنی بە لێشاوی مریشكی دەرەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

هاوكات كۆمەڵێك میكانیزم خراونەتە ڕوو ئەگەر جێبەجێ بكرێن، ئەوا دۆخێك دێتە كایەوە كە دەكرێت تیایدا هەم هاووڵاتییان و هەم خاوەن پڕۆژەكان سوود وەربگرن و دواجار كەرتی ئابووریی هەرێمی كوردستان تیایدا سوودمەند بێت.

كێشەی بەرهەمهێنانی مریشك لە كوردستان لەوەدایە نەتوانراوە هاوسەنگی خستنەڕوو و داواكاری بپارێزرێت، بۆیە نرخی مریشك لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەدایە و لە هەریەك لە حاڵەتەكانیش توێژێكی كۆمەڵگە زیانی بەردەكەوێت.