هێڵی ئاسمانی توركیش ئێرلاین پلانی هەیە، پێش جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ گەشتی ئاسمانی نێوان سلێمانی و ئانتاڵیا بكەنەوە و هەفتانەش دوو گەشت ئەنجام بدەن.
رۆژگار ئەكرەم فەرەج بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی نووسینگەی سەرەكی توركیش ئێرلاین لەسلێمانی راگەیاند: لەئێستادا گەشتەكانیان تەنها بۆ شاری ئیستانبوڵەو هەفتانەش حەوت گەشت ئەنجام دەدەن.
ئاماژەی بەوەشدا: بۆ كردنەوەی گەشتی ئاسمانی نێوان سلێمانی و ئانتاڵیا چاوەڕوانی رەزامەندی دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراقی دەكەن.
ئەو بەڕێوەبەرەی توركیش ئێرلاین وتیشی، بەگوێرەی ئاماری نووسینگەكەیان لەساڵی 2015دا زۆرترین ژمارەی گەشتیاران لە رێگەی هێڵی توركیش ئێرلاینەوە لەسلێمانیەوە بۆ توركیا بووە و گەیشتووەتە 55 هەزار گەشتیار، لەو ماوەیەشدا هەفتانە 11 گەشت ئەنجام دراوە.
ئەوەشی خستەروو: كردنەوەی كونسوڵخانەی توركیا لە سلێمانی كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر گەشتەكانی هێڵەكە و زیادبوونی ژمارەی گەشتكردنی هاوڵاتیان لە پارێزگای سلێمانیەوە بۆ توركیا.