بەهۆی قەیرانی دارایی و وەستانی كار لە زۆربەی پرۆژەكان، فرۆشی چیمەنتۆ لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەڕێژەی 70% دابەزیبوو، بەڵام بەهۆی قەدەغەكردنی هێنانی چیمەنتۆی فەلی ئێرانی و دانانی رەسمی گومرگی لەسەر چیمەنتۆی هاوردە، ئێستا جوڵەیەك كەوتووەتە بازاڕی چیمەنتۆ، بەو هۆیەشەوە نرخەكەی گران بووە.
شەش كارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە هەرێمی كوردستان هەن كە بریتین لە كارگەكانی: ماس، تاسڵوجە، بازیان، دەلتا، كار و كاسن. ئەم كارگانە ئەگەر بە وزەی تەواو كار بكەن، بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە زیاتر لە 15 ملیۆن تۆن، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخ و گرفتی ساغنەبوونەوەی بەرهەم، بە وزەی كەمتر لەتوانای خۆیان كاردەكەن و زۆربەی بەرهەمەكەشیان بۆ شارەكانی عێراق هەناردە دەكەن.
كارگەی ماس یەكێكە لە گەورەترین كارگەكانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە هەرێمی كوردستان، خاوەنی سێ هێڵی بەرهەمهێنانە و ساڵانە شەش ملیۆن تۆن چیمەنتۆ بەرهەمدێنێ.
ئاراس عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری كارگێڕیی كارگەی چیمەنتۆی ماس دەڵێت: “دوای هێرشی داعش و قەیرانی دارایی و وەستانی كار لە زۆربەی پڕۆژەكاندا، گرفتی ساغبوونەوەی بەرهەمی چیمەنتۆ سەریهەڵدا، بۆیە بەناچاری هێڵێكی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆمان راگرت”.
لە دوو ساڵی رابردوودا فرۆشی ئەو كارگەیە بە رێژەی 70% دابەزیبوو، بەڵام ئەمساڵ جوڵەیەك لە فرۆشتنی چیمەنتۆدا روویداوە و ئێستا كارگەكەیان رۆژانە نزیكەی 12 تۆن چیمەنتۆ دەفرۆشێ.
ئاراس رەئوف عارف، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، دەڵێت: “ئێستا بەهۆی قەیرانی دارایی و وەستانی پرۆژەكان، هەرێمی كوردستان ساڵانە تەنیا نزیكەی 3 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ بەكاردێنێ، بەرهەمی كارگەكانیش 15 ملیۆن تۆنە، بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە رەوانەی شارەكانی عێراق دەكرێ”.
ئاراس دەڵێت: “دوو ساڵە حكومەتی عێراق هاوردەكردنی چیمەنتۆی فەلی قەدەغە كردووە، ئێمەش كاتی خۆی قەدەغەمان كرد، بەڵام بە بڕیارێك دووبارە رێگەی پێدرایەوە. خۆشبەختانە جارێكی دیكە حكومەت رەزامەندی لەسەر قەدەغەكردنی هاوردەی چیمەنتۆی فەل دەركرد، بەهۆی ئەم بڕیارەشەوە ئێستا فرۆشی بەرهەمی خۆماڵی زیادی كردووە”.