بەرپرسێكی باڵای كۆمپانیای نەوتی باكوور رایگەیاند بەپێی فەرمانێكی وەزاری بەڕێوەبەرێكی نوێ بۆ كۆمپانیاكە دانراوە لەجێی بەڕێوەبەری پێشوو كە خانەنشین كراوە.
بەرپرسەكە بە مەدا پرێسی راگەیاندووە ئەمڕۆ شەممە بەپێی فەرمانێكی وەزارەتی نەوت ئەندازیار سەمیر سەلمان تائی وەك بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی باكوور دانراوە لەجێی ئەندازیار حەمدی عەبدولرەزاق ساعدی بەڕێوەبەری پێشوو كە خانەنشین كراوە.
وتیشی بەڕێوەبەرە تازەكە 32 ساڵ ئەزموونی كاركردنی هەیەو پێشتر سەرۆكی دەستەی ئەندازیاریی كۆمپانیاكە بووە.
كۆمپانیای نەوتی باكوور سەربە وەزارەتی نەوتی عیراقەو ساڵی 1927 لەكەركوك دامەزراوە.
ساعدی بەڕێوەبەری پێشوو پێشتر بەفەرمانی حسێن شەهرستانی وەزیری ئەوكاتەی نەوت لەجێی عادل قەزاز دانرا كە لەبەغدا رفێنراو تائێستاش چارەنووسی نادیارە.
سنووری جوگرافی كاركردنی كۆمپانیای نەوتی باكوور بریتیە لە پارێزگاكانی كەركوك و نەینەواو سەلاحەدین و هەولێرو سلێمانی و دهۆك و بەغداو دیالەو بابل و دیوانیە هەرچەندە ئێستا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناكەونە ژێر ركێفیەوە.
لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە چەندان جار ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و هێزە كوردستانییەكان گلەیی ئەوە دەكەن كە خەڵكانی دەرەوەی پارێزگای كەركوك دەكرێنە بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە.
مەدا پرێس بەڕێوەبەرە تازەكەی بە عەرەبی خەڵكی كەركوك ناساندووە، بەڵام بەگوێرەی نازناوەكەی بێت پێدەچێت عەرەبی هاوردە بێت.