به‌های پشکەکانی كۆمپانیای ئه‌پڵ ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆماركرد


به‌های هه‌ر پشكێكی كۆمپانیاكه‌ به‌ڕێژه‌ی زیاتر له‌ سه‌دا 3 به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و بووه‌ یه‌كه‌م كۆمپانیا كه‌ به‌هاكه‌ی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بگاته‌ سه‌روو 800 ملیار دۆلار.

به‌های پشكه‌كانی كۆمپانیای ئه‌پڵ رۆژی هه‌ینیی رابردوو 148 دۆلار و 96 سه‌نت بوو، ئه‌مڕۆ به‌های پشكه‌كان به‌ڕێژه‌ی سه‌دا 3.2 به‌رزبووه‌وه‌ و گه‌یشته‌ 153 دۆلار و 70 سه‌نت.

به‌وپێی به‌های كۆمپانیای ئه‌پڵ ئه‌مڕۆ گه‌یشته‌ 815 ملیار و 800 هه‌زار دۆلار و بووه‌ یه‌كه‌م كۆمپانیای مێژوو كه‌ به‌هاكه‌ی بچێته‌ سه‌روو 800 ملیار دۆلاره‌وه‌.

رێژه‌ی داهاتی ئه‌پڵ له‌ چاره‌كی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا له‌چاو ساڵی رابردوودا به‌ڕێژه‌ی سه‌دا 4.5 به‌رزبووه‌وه‌ گه‌یشته‌ 52 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار و له‌نێو كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كاندا بووه‌ خاوه‌ن به‌رزترین داهات.