به‌هۆى کێشه‌ى زه‌وی ئەگەری داخستنی کارگه‌ى ڕستن و چنینى هه‌ڵه‌بجه‌ لەئارادایە


خاوەنی کارگەی ڕستن و چنینی هەڵەبجە  دەڵێت، کە ئەگەر کێشه‌ى دابینکردنى زه‌وى بۆ دروست کردنى کارگه‌که‌یان چاره‌سه‌ر نه‌بێت ناجارن دایبخەن و لە سلێمانی کارگەیەکی نوێ بکەنەوە، سه‌رۆکى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌-ش ڕایدەگەیەنێت:”بڕیارمانداوە بۆ ئه‌وه‌ى کارگه‌که‌ دانه‌خرێت له‌ شوێنێکى گونجاوتر پارچه‌ زه‌ویه‌کى تریان بۆ دابین بکه‌ین”.

ماوه‌ى نزیکه‌ى دوو ساڵ ده‌بێت یه‌که‌مین کارگه‌ى ڕستن و چنین له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دامه‌زراوه‌ و پاش داواکاریی خاوەنی کارگەکە بۆ دابینکردنی پارچە زەوییەک بەمەبەستی فراوانکردنی کارگەکە، لەلایەن ئیدارەی پارێزگاکەوە پارچە زەویییەکەی بۆ دەستنیشان کرا، بەڵام ئێستا ڕێگا نادرێت لەسەر ئەو پارچە زەوییە بینای کارگەکە دروست بکرێت.
 
سەبارەت بە کێشەی ئەو پارچە زەوییە، ئه‌حمه‌د شێخه‌، خاوه‌نى کارگه‌کە ڕایگەیاند: “ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ پارچه‌ زه‌ویه‌کی له‌ ده‌روازه‌ى شار بۆ ده‌ستنیشیان کردین ده‌ست به‌جێ گرێبه‌ستم له‌گه‌ڵ  ئه‌ندازیار و کۆمپانیاى ئێرانى ئه‌نجام دا بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌ماوه‌ى که‌متر له‌ساڵێک پڕۆژه‌که‌م بۆ جێبه‌جێ بکه‌ن، بەڵام پاش زیاتر له‌ هه‌شت مانگ له‌ ماندووبون و ئاماده‌کاریى بۆ ده‌ست کردن به‌ ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌که‌، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ى ڕابردوو که‌ ویستمان ده‌ست پێ بکه‌ین ڕووبه‌ڕووى چه‌ند که‌سێک بووینه‌وه‌، که‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێ کردین و وتیاقن دەبێت واز لە دروستکردنی ئەو کارگەیە بهێنن”.
 
ئه‌حمه‌د شێخە، زیاتر روونیکردەوە و وتی:”ئەو کەسانە دەڵێن زەوییەکە هی ئێمەیە و نزیکەی حەوت ساڵ پێش ئێستاد له‌لایه‌ن شاره‌وانییەوە کراوە بەناویانەوە، پارێزگار و قایمقامى هه‌ڵه‌بجهش هیچ هەڵووێستێکیان نییە”.‌ 
 
خاوەنی کارگەی ڕستن و چنینی هەڵەبجە، وتیشی:”بڕیارمانداوه،‌ که‌ ئه‌گه‌ر کێشه‌ى دابین کردنى زه‌وی بۆ دروست کردنى کارگه‌که‌مان چاره‌سه‌ر نه‌بێت ئه‌وا کارگه‌کە ببه‌ینه‌ سلێمانى و له‌وێ په‌ره‌ به‌کاره‌کانمان بده‌ین”.
 
 لەبارەی چارەنووسی ئەو کرێکارانەی لە کارگەکەدا کار دەکەن، ناوبراو، وتی:”به‌ڵێنمان به‌ فێرخوازه‌کانى خۆمان داوه‌، که‌ ده‌ست به‌رداریان نابین و پردێکى په‌یوه‌ندى له‌نێوان خۆماندا دروست ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى ئێستا کار ده‌که‌ن به‌رده‌وام بن و کاڵاکانیان لاى خۆمان ساغ بکه‌ینه‌وه‌ و ژماره‌یه‌کى دیارى کراویش هه‌لى کاریان بۆ بڕه‌خسێنین له‌ کارگه‌که‌مان له‌سلێمانى”.

هەروەها، نیگار حاجى زاده‌، سه‌رپه‌رشتیار و مامۆستاى خوله‌کانى کارگه‌که‌  وتى:”لەسەرەتای کارکردنماندا لە هەرێمی کوردستان بەهۆی دەست ڕەنگینی ژنانی هەڵەبجەوە، هەڵەبجەمان هەڵبژارد بۆ دروستکردنی کارگەکە، تائێستاش نزیکه‌ى ٧٠٠ ژن به‌شدارییان له‌ خولى درومانى کارگه‌که‌ کردووه‌ و ٢٠٠ ژنیان بڕوانامه‌یان به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌ماڵه‌وه‌ سه‌رقاڵى کارى درومانن و بژێوى ژیانى خۆیان به‌ده‌ست ده‌هێنن.
 
یه‌کێک له‌فێرخوازان و کارمه‌ندى کارگه‌که‌ به‌ناوى ساجیده‌ که‌مال، ڕاگه‌یاند: “ئەگەری داخستنی ئەو کارگەیە نیگەرانی زۆری لا دروستکردووین، چونکە کردنه‌وه‌ى ئه‌م کارگه‌یه‌ ده‌روازه‌یه‌ک بوو بۆ ڕه‌خساندنى هه‌لى کار بۆ ژنانى هه‌ڵه‌بجه‌ و فێربوونى پیشه‌یه‌ک تا له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ ژنان بژێوى ژیانى خۆیان و خێزانه‌کانیان به‌ده‌ست بهێنن”.
 
لە بەرامبەردا، کوێستان ئه‌کرم، سه‌رۆکى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ ڕایگەیاند:” ‌له‌ ساڵى ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ئه‌و زه‌ویه‌ دراوە بە مه‌ڵبه‌ندى پێشمه‌رگایه‌تى (یه‌کێتى نیشتیمانى)، بەڵام کەمتەرخەمییان کردووە و هەتا ڕێکاره‌ یاساییه‌کانیان ته‌واو نه‌کردبوو، ئیمەش ئەو زەویەمان بۆ کارگەی رستن و چنین تەرخان کرد، دواتر کیشەمان بۆ دروستبوو”.

سه‌رۆکى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌، ڕاشیگەیاند:”‌بڕیارمانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى کارگه‌که‌ دانه‌خرێت له‌شوێنێکى گونجاوتر پارچه‌ زه‌ویه‌کى تریان بۆ دابین بکه‌ین”.