له به‌غدای پایته‌ختی عێراق، هاووڵاتییه‌ك به ناوی ئه‌بو مه‌جید پاسێكی مۆدێل كۆنی كردووه به رێستۆرانت و، خواردنی تێدا ده‌فرۆشێت.
ئه‌و پاسه كه وه‌ك رێستۆرانتێكی گه‌ڕۆكی لێكراوه له كه‌نار شه‌قام له ناوچه‌ی که‌راده‌ی به‌غدا راگیراوه و ناوی “خواردنگه‌ی موهه‌نه‌دی” لێنراوه و، رۆژانه دوای كاتژمێر 19:00 تا دره‌نگانێكی شه‌و پێشوازی له هاووڵاتییانی به‌غدا و ئه‌و كه‌سانه ده‌كات كه له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه رووی تێده‌كه‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ی رێستۆرانته گه‌ڕۆكه‌كه‌ی کڕیاری زیاتر له‌خۆ بگرێت، ئه‌بو مه‌جید نهۆمێكی دیكه‌ی به‌سه‌ر پاسه‌كه‌وه دروستكردووه.
ئه‌بو مه‌جید رایگه‌یاند “شوێنی گونجاوم ده‌ستنه‌كه‌وت به كرێی بگرم بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌م به رێستۆرانت، كاتێک ئه‌م پاسه‌م بینی بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵه راگیراوه له خاوه‌نه‌كه‌یم كڕی هێنام بۆ ئێره و، رووكاری ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌یم نۆژه‌نكرده‌وه”.
وتیشی: “گه‌نجان له رێگه‌ی ئه‌و پلیكانانه‌ی دروستمان كردووه ده‌چنه نهۆمی سه‌ره‌وه، هه‌ركاتێكیش خێزانی لێنه‌بێت گه‌نجان ده‌توانن نهۆمی خواره‌وه به‌كاربهێنن. له‌ناو پاسه‌كه‌دا سیستمی ساردی و رووناكی هه‌یه، هه‌روه‌ها له‌ناوه‌وه‌دا نۆ كامێرای چاودێری دانراوه. سه‌ره‌تا هاووڵاتییان لایان نامۆ بوو، به‌ڵام دوایی روویان تێكرد له‌به‌رئه‌وه‌ی شتی له‌م شێوه‌یه له هیچ شوێنیكی وڵات‌دا نییه. هه‌ندێکجار خوێندكارانی زانكۆ له رێوڕه‌سمی ده‌رچوونیان پاسه‌كه به كرێ ده‌گرن”.