وەزیری كشتوكاڵی هەرێم رایگەیاند: پێویستە كۆمپانیاكان لەهاوردەكردنی بەرهەمەكانی گۆشتدا پابەندی مەرجەكان بن، بەپێچەوانەوە رێگەیان پێنادەن گۆشت هاوردە بكەن.
(عەبدولستار مەجید) وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئالانی هندی و سۆنمزلەری توركی رایگەیاند، هیچ دەوڵەت و كۆمپانیایەكی هەناردەكاری گۆشت بەناحەزو نەیاری خۆمان نازانین، تەنیا لای ئێمە تەندروستی هاوڵاتیان و كوالیتی بەرهەمی هاوردە گرنگە.
وتیشی، لەماوەی رابردوودا شاندێكی پسپۆڕو شارەزا لە وەزارەتەكەیان سەردانی هندستانی كردوەو لە نزیكەوە بە بەرهەمی كارگەكانی ئەو وڵاتە ئاشنابوو، بەڵام چەند تێبنیەكی وردمان هەیەو لەمیانی راپۆرتی كۆتایی سەردانەكە دەیخەینەڕوو.
وەزیری كشتوكاڵ دوپاتیشكردوە، كە ئەوان تەنیا قبوڵ دەكەن لەو كارگەیە گۆشت هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت كە لیژنەكەیان سەردانی كردووە، دەبێت هەموو مەرجەكانی تەندروستیشی تێدا بێت، بەپێچەوانەوە هەر گۆڕانكاریەكی تێدا رووبدات ئەوا هاوردەی بەرهەمەكە بە یەكجاری رادەگرن.