پارێزگاری سلێمانی بەرێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی سلێمانی راسپارد ئامادەكاری بكەن بۆ كردنەوەی ناوچەیەكی تری پیشەسازی بۆ كارگە و پرۆژە بچووكەكانی پیشەسازی و راشیگەیاند سیاسەتی حكومەتی هەرێم پشگیرییە لەكەرتی پیشەسازی بۆ كەمكردنەوەی هاوردەی دەرەكی.
ئێوارەی 24ی كانوونی یەكەم بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی سەرپەرەشتی كبوونەوەیەكی لیژنەی گەشەپێدان و پشگیری پرۆژە پیشەسازییەكانی سلێمانی كرد و لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ئەو مامەڵەو داواكاریانە كرا كە لەلایەن وەبەرهێنەر و كۆمپانیاكانەوە ئاراستەكراون بەمەبەستی دابنكردنی زەوی بۆ دروستكردنی كارگەی جۆراو جۆری پیشەسازی
لەو رووەوە لە كۆبوونەوەكەدا بریاردرا ئەو مامەڵانەی كە رێوشوێنە یاساییەكانی تەواو كردووە رەزامەندی بدرێت بە پێدانی زەوی بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكانیان و ئەو مامەڵانەی كەموكورتیان تێدایە لەرێگەی فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە چارەسەر بكرێن بۆ ئەوەی پاشتر كاری پێویستیان بۆ بكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند سیاسەتی حكومەتی هەرێم پشگیرییە لە كەرتی پیشەسازی بە ئامانجی كەمكردنەوەی هاوردە لە دەرەوەی وڵات ، بۆیە دەبێت هەموو كار ئاسانییە پێشكەش ئەو وەبەرهێنەرانە بكەین كە دەیانەوێت كارگەو پرۆژەی پیشەسازی دابمەزرێنن
پارێزگار لەو رووەوە بەرێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی سلێمانی راسپارد ئامادەكاری بكەن بۆ كردنەوەی ناوچەكی تری پیشەسازی لە سلێمانی بۆ لەخۆگرتنی پرۆژ و كارگەی پیشەسازی بچوك و مامناوەند.
پارێزگاری سلێمانی دووپاتی كردەوە كە دەبێت ئەو كارگانەی مۆڵەتیان پێ دەدرێت پشگیری كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری كۆنترۆڵی جۆری بهێنن كە بەرهەمەكانیان بە پێی كوالێتی جیهانی دەبێت و رایگەیاند” مۆڵەت بەهیچ كارگەیەك نادەین كە بەرهەمانی بەپێی ستانداردی جیهانی بەرهەم نەهێنێت و مەرجەكانی پاراستنی ژینگە رەچاو نەكات”
پارێزگار راشیگەیاند ئەو كارگانەی مۆڵەتیان نییە دەبێت مۆڵەت دەربهێنن بەپێچەوانەوە لە هەر كاتێكدا بێت روو بەرووی داخستن دەبنەوە.
جێگەی باسە بەپێی بریاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لە چوارچێوەی دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ پارێزگاكان لە لەپارێزگاكانی هەرێمدا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی پارێزگار و ئەندامێتی بەرێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ و وەبەرهێنان و شارەوانییەكان و نەخشەدانانی ئاوەدانی و گەشەپێدانی پیشەسازی و خانووبەرەی میری و ژووری بازرگانی و سەرۆكایەتی شارەوانی پێكهێنراوە بۆ پەسەندكردن و دابینكردنی زەوی بۆ پرۆژە پیشەسازییەكان بێ گەرانەوە بۆ وەزارەتەكان بە ئامانجی گەشەپێدانی پیشەسازی لەهەرێمدا و كەمكردنەوەی رۆتین لەبەردەم ئەو پرۆژانەدا.