بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی بەنگلادیش، ئەو باران و لافاوەی باكووری خۆرهەڵاتی وڵاتی گرتەوە نزیكەی 700 هەزار تەن برنجی لەناوبردووە.
وەزارەتی كشتوكاڵی بەنگلادیش رونیكردۆتەوە، ئەو كێڵگانەی كە لافاوەكە لێیداوە لەوەرزی دروێنەدا بوون، ئەوەش وایكردووە بەرهەمی چەڵتوكی ئەو وڵاتە بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا كەمبێتەوەو هاوكات بێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی برنج لەناوخۆدا.
هەروەها لافاوەكە زیانی بە بەرهەمی ماسی لەباكوری خۆرهەڵاتی بەنگلادیش گەیاندوەو ملیۆنان كەسیش بەو هۆیەوە زیانیان پێگەیشتووە، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەت ملیۆنێك و 200 هەزار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی زیان لێكەوتوان تەرخان كردووە.
دەسەڵاتدارانی بەنگلادیش ئامادەكاریان كردبوو بۆ ئەوەی لە وەرزی دروێنەی بەرەهەمی چەڵتوكی ئەمساڵدا بڕی 34 ملیۆن تەن برنج كۆبكەنەوە، بەڵام بەهۆی ئەو كارەساتەوە ناچار دەبێت بۆ قەرەبووكردنەوەی خواستی ناوخۆ لەدەرەوە هەناردەی بكات.