وەزارەتی گواستنەوەی عیراق ئاشكرای دەكات، بەنیازن فڕۆكەخانەیەكی ئاوی لەدەریاچەی دوكان لەپارێزگا سلێمانی دروست بكەن.
(كازم فنجان حەمامی) وەزیری گواستنەوەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، ئەو پێشانگایەی لەپایتەختی ڕۆشنبیری هەرێمی كوردستان كرایەوە بەجۆرێك ڕێكخراوە، هانی هاتنی كۆمپانیا ناوخۆیی و عەرەبی و بیانییەكان لە هەموو جیهانەوە دەدات، بۆ دروستكردنی فڕۆكەخانەی ئاوی لەدەریاچەی دوكان لەسلێمانی.
وتیشی، لەپێشانگاكەی سلێمانیدا چەند ئەنجامێكی ئەرێنیمان دەستكەوت، كە یارمەتی گەشەپێدانی فڕۆكەخانەكان و هێڵی ئاسمانی ناوخۆیی دەدات، جا سەر بە كەرتی گشتی بن یان كەرتی تایبەت.
وەزیری گواستنەوە ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتەكەیان لە سەرجەم پارێزگاكان فڕۆكەخانەی دیكە دەكاتەوەو جەختیشی كردەوە، كە دوو پێشنیار كراوە بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەیەك لە كەركوك و فڕۆكەخانەیەكی ئاوییش لە دەریاچەی دوكان لە پارێزگای سلێمانی.