كێشەی زەوی‌و جیۆلۆجیای كێڵگە نەوتییەكان زیانێكی دیكەیە بۆ داهاتی كوردستان

 
كێشەی زەوی‌و جیۆلۆجیای كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان هۆكارێكی دیكەی دابەزینی داهاتی هەرێمەو كێشەی بۆ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دروستكردووە، ئەوەش لەدوای دابەزینی نرخی نەوت دێت كە لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا زیانێكی زۆری بە داهاتی هەرێم گەیاند.

داهاتی سەرەكی هەرێم پشت بە فرۆشی نەوت دەبەستێت، هەر كێشەیەك لە كێڵگە نەوتییەكان دروست ببێت‌و كاریگەری بكاتە سەر بەرهەمی نەوت یاخود نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانی داببەزێت، ڕاستەوخۆ كاریگەری دەكاتەسەر بودجەی حكومەتی هەرێم كە ماوەی 3 ساڵە لەقەیرانێكی سەختی داراییدایەو سەرباری پاشەكەوتی بەشێك لەموچە ناتوانێت لەكاتی خۆیدا موچەش دابەشبكات.

ماڵپەڕی ناشناڵ بزنس بڵاویكردووەتەوە كە بەهۆی كێشەی زەوی‌و جیۆلۆجی كوردستانەوە كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی زیانێكی زۆری كردووە، ئەوەش كێشەی بۆ حكومەتی هەرێم زیاد كردووە، ئەو كۆمپانیایەش یەكەم كۆمپانیا نییە كە بەوهۆیەوە تووشی كێشە بووە لەهەرێم.

ماڵپەڕەكە نوسیویەتی “گەر دابەزینی ئاستی یەدەگی نەوت جارێك وەك بێبەختی ببینرێت، ئەوا دووجار بەهۆی كەمتەرخەمییەوەیە. پاشەكشەی كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لە هەرێمی كوردستانی عێراق وایكرد بەهای پشكەكانی داببەزێت بۆ لەسەدا 7ی ئەو بەهایەی لە ساڵی 2014 دا هەیبوو.”

ئەو كۆمپانیایە كە لەلایەن یۆنی هاوارد بەڕێوەبەری پێشووی كۆمپانیای بریتش پتریۆلۆم لەساڵی 2011 دامەزراوە، لەساڵی 2016 ڕایگەیاند یەدەگی نەوت لەكێڵگەی نەوتی تەق تەق لە 499 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 172 ملیۆن كەمیكردووە، دواتریش لە 28ی ئازاردا ڕاگەیەندرا كە بۆ 59 ملیۆن كەمبووەتەوە.

لەئێستاشدا بەرهەمی كێڵگەی نەوتی تەق تەق لە 116 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ 19 هەزار بەرمیل كەمیكردوە.

كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لە كۆتاییەكانی مانگی ئازاری ئەمساڵدا لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد نەوتی كێڵگەی تەق تەق پاشەكشەی گەورەی كردووەو یەدەگی نەوتەكەی لەسەدا 66 دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی دزەكردنی ئاو بۆ بۆرییە نەوتییەكانی ئەو كێڵگەیە.

كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی كە وەربەرهێنان دەكات لە نەوت‌و گازی كوردستاندا، دەڵێت، ئەو دابەزینی یەدەگی نەوتەش”دەبێتە هۆی هەڵپەساردنی ئامانجی بەرهەمی ساڵێكی كێڵگەكە كە لەنێوان 35 هەزار بۆ 46 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێكدا”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە ئێستادا كێڵگەی نەوتی تەق تەق ڕۆژانە تەنها 19 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنیت، لەكاتێكدا لە كۆتایی 2016 بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو كێڵگەیە 36 هەزار بەرمیل بوو.

“بەم دواییە، بیرە سەرەكییەكانی بەرهەمهێنان، بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیون ئەوەش لە ئەنجامی دزەكردنی ئاو تێیاندا، ئەوەش بووەتە هۆی خراپكردنی دۆخی تەواوی كێڵگەكە” بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی گەنەڵ ئینێرجی.

ناشناڵ بزنس ئەوەشی خستوەتەڕوو، گەنەڵ ئینێرجی تەنها كۆمپانیا نییە كە بەهۆی جیۆلۆجی كوردستانەوە توشی كێشە بووبێت، بەڵكو گروپی MOL لە بلۆكی ئاكرێ-بێجیل لەساڵی 2015 یەدەگی نەوتی لەسەدا 99 دابەزی، هەروەها كۆمپانیای عەفرین ئیفلاسی كرد لە كێڵگەی بەردەڕەش لە هەمان ساڵدا. كۆمپانیای زەبەلاحی ئەمەریكی DNO كە هاوبەشی گەنەڵ ئینێرجی بوو لە كێڵگەی تاوكێ، بەرهەمهێنانی لەكێڵگەی گازی سومەیل ڕاگرت دوای ئەوەی گەیشتە دۆزینەوەی ئاو.

سەرەڕای ئەوەش هێشتا گەنەڵ ئینێرجی هیوای هەیە بۆ هەرێمی كوردستان ئەویش لەڕێگەی گەشەپێدان بە كێڵگە گەورە گازییەكانی میران‌و بنەباوێ، بەڵام ئاستی بەرەوپێشچوونی ڕێكەوتنی فرۆشتنی گاز بە توركیا زۆر هێواشەو كۆمپانیاكە پێویستی بە هاوبەشێكە بۆ ئەوەی بەشداری لەگەڵدا بكات بۆ گەشەپێدانی كێڵگەكان. بەهەمانشێوە پارەی كاشی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پێویستە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكەو كاری بۆرییەكان، بەهۆی بوونی پەیوەندییەكی ئاڵۆزیشەوە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەی گازی بۆ دابین دەكات، ڕوسیاو ئێران، توركەكان پەلەیان نییە لە ڕێكەوتنێكی لەو شێوەیە.

بۆ كوردەكانیش پاشەكشەی كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی كێشەكی زیاتری بۆ دروستكردون. حكومەتی هەرێم لە ئێستادا “20 ملیار دۆلار قەرزارە” لەگەڵ شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان، هەموو بەرمیلێك بۆ ئەوان گرنگە.

دوای ئەوەی داعش موسڵی گرت، كورد كۆنتڕۆڵی زۆرینەی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكی كرد، كێڵگەی خورمەڵە كە دەكەوێتە باكوری شاری كەركوكەوە لەساڵی 2009وە لەلایەن كۆمپانیای ناوخۆیی كار-ەوە بەڕێوەدەبرێت، لە ئێستاشدا ئەو كێڵگەیە بەتەنها خۆی”ڕۆژانە 350 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، لەكاتێكدا هەموو نەوتی هەرێم ڕۆژانە 600 هەزار بەرمیلە.”

هەندێك كێڵگەی نەوتی دیكەش لەماوەیەكی دیكەدا دەكەونە كار. گرنگترینیان كێڵگەی ئەتروشە كە لەلایەن كۆمپانیای تەبقەی ئەبوزەبی بەڕێوەدەبرێت كە بەم دواییە كاری بۆرییەكانیان تەواوكردوەو ڕێگەدەدات بە بەرهەمهێنانی 30 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، كێڵگەی نەوتی شێخانیش لەبەرەوپێشچووندایە، بەڵام كۆمپانیای گۆڵف كیستۆنی بەڕێوەبەری ئەو كێڵگەیە ناتوانێت كاری دیكەی زۆر بكات بۆ ئەو كێڵگەیە بەبێ وەبەرهێنانی زیاترو پێدانی شایستە داراییەكانی بەشێوەیەكی ڕێكخراو لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە.