ئەنجامی ڤیزای یانسیبی ئەمریکا – گرین کارت ڕاگەیەندرا

 
بڕیارە لە ئەمڕۆوە ناوی هەڵبژێردراو بۆ ڤیزای دایڤێرسیتی یان یانسیبی ئەمریکا – گرین کارت ڕابگەیەندرێت.

بەپێی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کاتژمێر ٧ی ئێوارەوە بە کاتی کوردستان ئەو کەسانەی کە ناویان بۆ یانسیبەکە تۆمارکردووە دەتوانن لەڕێگەی ئەو کۆدەی کە پێشتر بۆیان هاتووە لەکاتی پڕکردنەوەدا، ئەنجامی وەرگرتن یان وەرنەگرتنیان بزانن.

هاوکات لە بەشی ڤیزای یانسیبی ئەلیکترۆنی ماڵپەڕەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو کەسانەی کە لە ١ی تشرینی ساڵی ٢٠١٥وە بۆ تشرینی دووەمی هەمان ساڵ فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە، ئەوانیش بە هەمان شێوە دەتوانن هەتا ٣٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لەڕێگەی ماڵپەڕەکەوە ئەنجامەکەیان بزانن.

ڤیزای دایڤێرسیتی یان یانسیب هەموو سالێک له‌ مانگی تشرینی یەکەمدا ده‌كرێته‌وه‌، و ساڵانه‌ (٥٠) هەزار كه‌س، یانسیبەکەی بۆ ده‌رده‌چێت و به‌پێی هه‌ندێک پێوه‌ر وه‌ك ژماره‌ی دانیشتوان و رێژه‌ی كه‌می و زۆری دانیشتوانی هه‌روڵاتێك كه‌ له‌ ئه‌مەریكا نیشته‌جێن، دابه‌شده‌كرێت؛ بەم پێیەش لە عێراق ساڵانه‌ ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ كه‌س چانسی وه‌رگرتنی ئه‌م جۆره‌ ڤیزایه‌ی دەبێت.

لە ساڵی ٢٠١٥ دا ٢٨٩ کەس وەک سەرۆک خێزان ئەو یانسیبەیان بۆ دەرچووە، واته‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێكی خاوه‌ن خێزان ڤیزای بۆ ده‌رچێت ئه‌وه‌ به‌ یه‌ك ڤیزا هەژمار دەکرێت و ئه‌ندامانی تری خێزان له‌و رێژه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌م ناكه‌نه‌وه‌، بۆنمونه‌ دەکرێت ٣٠٠ خێزان كه‌ خاوه‌نی چه‌ندین منداڵ بن چانسی ده‌رچوونیان هه‌بێت.

ڤیزاكه‌ بێ به‌رامبه‌ره‌ و هیچ پاره‌یه‌كی ناوێت تا ڕۆژی چاوپێكه‌وتن له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مەریكا له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆت (بۆ عێراق له‌ به‌غدا)؛ واته‌ بۆ پركردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك ناده‌یت. به‌ڵام ڕۆژی چاوپێكه‌وتن بۆ هه‌ر ئه‌ندامێكی خێزان بری ٣٣٠ دۆلار ده‌ددێت.

له‌ ڕۆژی ٤ ی تشرینی یەکەمەوە تا ٧ تشرینی دووەم ، فۆرمەکان دابەش دەکرێن.

هه‌موو كه‌س دەتوانێت فۆڕمەکە پر بكاته‌وه‌ و به‌ومه‌رجه‌ی لانیکه‌م ئه‌زموونی كاركردنی دوو ساڵی له‌و بوارانه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كاری ئه‌مریكاوه‌ قبوڵكراوه‌ هەبێت و لانیكه‌م ده‌رچووی ئاماده‌یی بیت یان په‌یمانگای پیشه‌یی باوه‌ر پێكراو هاوشانی بروانامه‌ی ئاماده‌یی.

بۆ پركردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كه‌ باشتره‌ كه‌سێك زمان بزانێت و به‌ وردی پریبكاته‌وه‌ و ئه‌ویش پاش خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی ڕێنماییه‌كان.

ئه‌و كه‌سه‌ی فۆرم پێشكه‌ش ده‌كات، پێویست ناكات یان مه‌رج نیه‌ زمانی ئینگلیزی بزانێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بزانیت بۆ كاركردنی خۆی ئاسانتره‌.

ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌م ڤیزایه‌ی بۆ دەردەچێت له‌ ساڵی ٢٠١٨ دا كۆچ ده‌كات بۆ ئه‌مریكا و ده‌بێته‌ خاوه‌ن مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی یان گرین كارت.

بۆ زانینی ئەنجامەکەت سەردانی ئەم لینکە بکە: https://www.dvlottery.state.gov/