كتێبی (مام جه‌لال – دیداری ته‌مه‌ن) بڵاوده‌كرێته‌وه‌

 
له‌ پۆستێكدا كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، نووسه‌ر سه‌ڵاح ره‌شید رایگه‌یاندووه‌ كه‌ كتێبێكی نوێ به‌ناوی (مام جه‌لال – دیداری ته‌مه‌ن) بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و نووسه‌ره‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئەمرۆ  سێشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 2-5-2017 كاتژمێر 5:00ی ئێواره‌ی  له‌ مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ له‌ شاری سلێمانی، بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ كۆی چاوپێكه‌وتنێكی 15 ساڵه‌ی هه‌مه‌لایه‌ندا له‌ دوو به‌رگدا كه‌ نزیكه‌ی 900 لاپه‌ڕه‌یه‌ به‌ ناوی (مام جه‌لال – دیداری ته‌مه‌ن) بڵاوده‌كرێته‌وه‌، كه‌ خۆی له‌ ساڵی 1990ـه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌و ساڵی 2005 كۆتایی پێهێناوه‌.

له‌و دیداره‌دا، كه‌م بوار هه‌یه‌ مام جه‌لال باسی لێوه‌ نه‌كردبێت، هه‌ر له‌ ژیانی لاوێتیه‌وه‌ تا چوونه‌ ناو دنیای سیاسه‌ت، به‌درێژی باسی كاری سیاسی و حزبایه‌تی و پێشمه‌رگایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات. هه‌روه‌ها باس له‌ قۆناغه‌ جیاوازو ناكۆكه‌كان ده‌كات له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردستانییه‌كان، تا دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ راپه‌ڕین و پاشان دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. واتا له‌ لاوێتییه‌وه‌ بۆ كۆشكی كۆماری.

ئه‌و نووسه‌ره‌ راشیگه‌یاندووه‌: له‌م گفتوگۆیه‌دا زۆر له‌و پرسیارانه‌ی به‌ خه‌یاڵی زۆرماندا دێت ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك مام جه‌لالم كردووه‌، ئه‌ویش بێ په‌رده‌و دوور له‌ وه‌ڵامی دیبلۆماسی باسی دیوه‌كانی ناوه‌وه‌و لاپه‌ڕه‌ شاراوه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستانی كردووه‌. زۆر به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موومان دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دیداره‌ كۆمه‌ڵێك زانیاریمان ده‌ستده‌كه‌وێت كه‌ پێشتر به‌وشێوه‌ لامان نه‌بووه‌و نه‌مانبیستووه‌.