بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە خوێندکاران، ئامادەیی پیشەسازی سلێمانی كچان، پێشەنگای ساڵانەی خۆی كردەوە، كە تێیدا خوێندكارەكان توانای خۆیان لە دیزان و كارەبا و وێنەی ئەندازەیدا نمایش كرد.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی مەڵبەندی ئیشی دەست- ی سلێمانی، ئامادەیی پیشەسازی سلێمانی كچان، پێشەنگای ساڵانەی خۆی كردەوەو بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆتاییبێت.
گوڵشەن حەمەڕەشید، سەرپەرشتیاری پێشەنگاكە لە بارەی پێشەنگاكەوە ڕایگەیاند: “ئێمە ساڵانە ئەم پێشەنگایە دەكەینەوە، لەم پێشەنگایەدا كاری بەشی دیزاین و دوورین و كۆمپیوتەر و ئەلیكترۆن و كارەبا نمایش كراوە”.
ناوبراو وتیشی:”خەرجی ئەم پێشەنگایە خوێندنگەكەی خۆمان دابینی كردووە، لەبەر ئەوە داهاتی فرۆشتنی بەرهەمەكان دەگەڕێتەوە بۆ خوێندگە، وە زۆرێك لەو كارانەی نمایشكراون بەرهمی خوێندكارەكانە، كە وەك پڕۆژەی دەرچوون ٣٠ نمرەی خوێندی لەسەرە، بۆیە خۆیانیان زۆر پێوە ماندوو كردووە”.
زریان محەمەد، كە خوێندكارێكی بەش دورومان و دیزاین بوو، بە کاری دەست و چنین بەشدای لە پێشەنگاكەدا كردبوو وتی:”ئێمە ساڵانە ئەم پێشەنگایە دەكەینەوە، مامۆستاكان زۆر ماندوو دەبن لەگەڵمان، ئێمەش سوودی زۆرمان لێوەرگرتوون”.
زریان وتیشی:” سەرەتا كە هاتمە ئامادەیی پیشەسازی، هیچ شتێكم لە درومان و دیزاین نەدەزانی، بەڵام ئێستا بەهاوكاری مامۆستاكان سوودی زۆرم وەرگرتووە، بیرم كردۆتەوە كە خوێندنم كۆتایی هات دوكانێك بكەمەوەو لەم بوارەدا كار بكەم”.
ئامادەییە پیشەییەكان دەرچووی قۆناغی نۆ-ی بنەڕەتی وەردەگرن، لەدوای بڕینی 3 قۆناغی ئەو ئامادەییانە خوێندكار بڕوانامەی ئامادەیی پیشەیی پێدەدرێت، دواتر لە بوارەكەی خۆیدا دەتوانێت لە زانكۆ و پەیمانگاكان درێژە بە خوێندن بدات.