كۆمپانیای دانەغاز ئاشكرایكرد، كاتێك قازانجی ساڵانەی بەسەر هاوبەشەكانیدا دابەشدەكات كە شایستە داراییە زۆرەكانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستانی و میسر وەربگرێت. دانەغاز لەبەیاننامەیەكدا كە لەبۆرسەی ئەبوزەبی بڵاویكردۆتەوە، داوای بەدەستگەیشتنی قەرەبووەكانی لە هەرێمی كوردستان دەكات، كە زۆر زیاترە لە خەرجیەكانی بەكاربردنی تاوەكوو قازانجی ساڵانەی بەسەر هاوبەشەكانیدا دابەش بكات.
ئاماژەی بەوەشداوە: جگە لە دابەشكردنی لەسەدا 10ی پشكەكانی لەساڵی 2010دا ماوەی 10 ساڵە قازانجەكانی دابەشنەكردووە. ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دانەغاز لەسەرەتای مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا رەزامەندی نیشاندا قازانجی ساڵانەی ساڵی 2015 ببێت بە سەرمایەو لەئیستاشدا سەرمایەی ئەو كۆمپانیایە 6 ملیارو 970 ملیۆن درهەمەو هەر پشكێكیش بەدرهەمێك دانراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كۆمپانیای دانەغاز لەماوەی رابردوودا رایگەیاندبوو لەچارەكی كۆتایی ساڵی 2016دا قازانجەكانی لەسەدا 95 كەمیكردوەو گەیشتۆتە 26 ملیۆن درهەم. هاوكات (پاتریك ئۆڵمان وارد) بەرێوەبەری جێبەجێكاری دانەغاز لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، ئەگەر بێت و شایستە داراییەكانی لە هەرێمی كوردستان و میسر وەرنەگرنەوە ئەوا پێویستیان بە پارە هەیە بۆ ئەوەی لەداهاتوودا بۆ بەردەوامبوونی كارەكانیان خەرجی بكەن. ئاماژەی بەوەشداوە، ساڵی ڕابردوو بەهۆی نزمی نرخی نەوتەوە كۆمپانیاكەیان لەسەدا 77ی قازانجی كۆمپانیاكەیان كەمیكردووە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، كە كۆی شایستە دراییەكانیان لەمیسر 289 ملیۆن دۆلار زیادیكردووە ئەوەش لەكاتێكدایە لەكۆتایی ساڵی رابردوودا ئەو پارەیە 265 ملیۆن دۆلار بووە. ئاماژەی بەوەشداوە، كە تێكڕایی بەدەستهێنانی شایستەداراییەكانیان لە میسر زۆر كەمترە لەوەی پێشبینی دەكرێت.
سەبارەت بەهەرێمی كوردستانیش كۆمپانیای دانە غاز رونیكردۆتەوە، لە چارەكی كۆتایی ساڵی 2016دا قازانجەكانیان لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان 7 ملیۆن دۆلار بووەو قازانجەكانیان لەو ماوەیەدا بەرێژەی لەسەدا 95 دابەزیووە، هاوكات لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵیشدا 31 ملیۆن دۆلاریان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتوەو كە ئەوش بەرێژەی لەسەدا 100 كە مترە لەو بڕە پارەی كە لایانە، بەو شێویەش لە ئێستادا كۆی شایستەدراییەكانیان لای حكومەتی هەرێمی كوردستان 713 ملیۆن دۆلارە.
هەروەها بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دانەغاز لەماوەی رابردوودا رایگەیاندبوو چاوەڕێی دانیشتنی ئەو دادگاییە دەكات كە بڕیارە لەمانگی 7 ئەمساڵدا بەرێوەبچێتو لەو دانیشتنەشدا قەبارەی ئەو قەرەبووانە دیاری دەكرێت كە پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم بیداتە كۆمپانیاكەیان.