لەڕێگەی لەزگەوە پڕۆژەیەك بۆ لەیەكترجیاكردنەوەی تەکسی شارەکان ئامادە دەكرێت، لەم بارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی ھەرێم زانیاری زیاتر ئاشكرا دەكات.
ئومێد محەمەد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی تەکسی ھەر پارێزگایەک ئاڕم و لەزگەی تایبەت بەخۆی ھەبێت، بۆئەوەی تەکسییەکان لەیەکتر جیابکرێتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی ھەرێم وتیشی: رەنگی لەزگەکان یەکلایی کراوەتەوەو تەکسی سلێمانی رەنگی شین، تەکسی ھەولێر رەنگی سور، تەکسی دھۆک رەنگی رەش دەبێت، کە دەدرێت لەھەردوولای تەکسییەکان دەدرێت.
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە راشیگەیاند: نووسراومان بۆ وەزارەتی دارایی کردووە، بۆئەوەی رەزامەندی بدات کە لەڕێگەی تەندەرەوە لەزگەو ئارمەکان دروست بکرێت و چاوەڕوانی وەڵامی دارایی دەکەین.
سەبارەت بەنرخی لەزگەو ئارمەکان، ئومێد محەمەد دەڵێت: شۆفێران خۆیان پارەی لەزگەکە دەدەن، بەڵام تائێستا نرخەکەی دیارینەکراوە.
ناوبراو ئاشكرایكرد دوای دروستکردنی لەزگەو ئاڕمەکان، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گواستنەوەوە بەسەر شۆفێراندا دابەشدەکرێت.