عیراق: پێویستە هەموو فڕۆكەیەكی بارهەڵگر سەرەتا لە بەغدا بنیشێتەوە

 
دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عیراق بڕیاریدا سەرجەم ئەو فڕۆكە بارهەڵگرانەی كە لە فڕۆكەخانەكانی عیراق دەنیشنەوە، پێویستە سەرەتا لە فڕۆكەخانەی بەغدا بنیشنەوەو پشكنینی ئەمنیان بۆ بكرێت، بڕیارەكەش فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

لەوبارەیەوە تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەڵەتی سلێمانی راگەیاند: رۆژی 24ی ئەم مانگە فەرمانێك لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عیراقەوە دەرچووە، كە تێیدا هاتووە لەرۆژی یەكی ئایارەوە ئەو فڕۆكە بارهەڵگرانەی كە دێنە فڕۆكەخانەكانی عیراق، پێویستە پێش ئەوەی بچێت بۆ ئەو فڕۆكەخانەیەی دەیەوێت، دەبێت لە فڕۆكەخانەی بەغدا بنیشێتەوە بۆ پشكنین، ئەو كات رێگەی پێدەدرێت بچێت بۆ ئەو فڕۆكەخانەیەی كە مەبەستێتی، ئەم فەرمانەش گشتاندنی بۆ كراوە‌و كۆپیەكی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش نێردراوە.

راشیگەیاند: وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی هەرێممان لەو فەرمانە ئاگادار كردۆتەوە، خۆشمان لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەی عیراق و دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عیراق، چونكە ئەم بابەتە كێشەیەكی گەورە بۆ كۆمپانیاكان دروست دەكات بۆ تێچووی ئەو گەشتانەو لایەنی سەلامەتی، چونكە هەندێك بار هەیە ناكرێت جارێك فڕۆكەكە بنیشێتەوە و چاوەڕوان بكات و دواتر بارەكەی بۆ فڕۆكەخانەیەكی تر بگوازێتەوە.