سلێمانی: کارەبای ماڵان کەم دەکرێتەوە بۆ 20 ئەمپێر

 
پارێزگای سلیمانی بڕیاری دا دانانی سرکێتی 20 ئەمپێری بۆ ماڵان و بانگهێشتی کۆمپانیاکان دەکات بۆ رادەستکردنی تەندەرەکانیان.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ی نیسان/ئەپریل، لە بانگهێشتنامەیەکدا بۆ کۆمپانیاکان لەبارەی دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری هاوبەسەکانی سنووری کارەبای بازیان داوای لە کۆمپانیاکانی پێوەندیدار کردوە تەندەرەکانیان رادەستی پارێزگای سلێمانی بکەن و لەمڕۆوە وەرگرتنی تەندەر دەست پێ دەکات.

لەو بانگەوازەدا  ئاماژە دراوە، داوا لەسەرجەم ئەو کۆمپانیاو بەڵێندەرانە دەکەین کە ئارەزویان ھەیە بەشداریی ئەم پڕۆژەیە بکەن، لەمڕۆوە دەتوانن سەردانی بینای پارێزگا بکەن بۆ وەرگرتنی تەندەر.

زیاتر روون کراوەتەوە، سەرەتای پرۆژەی دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری کارەبا لەسنوری ناحیەی بازیانی سەر بەپارێزگای سلێمانیەوە دەستپێدەکات.

لە سەرەتای ساڵی 2015 تا ئێستە جەندان پڕۆژە لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە بۆ کەمکردنەوەی کارەبای ماڵان خراوەتە روو و ساڵی رابردوو بڕیار بوو پڕۆژەی پێدانی 40 ئەمپێر کارەبا بۆ ماڵان جێبەجێ بکرێت بەڵام پارێزگاری سلێمانی رەتی کردەوە کە بڕیارێکی لەو شێوەیە هەبێت، بەڵام بەگوێرەی ئەو بانگەوازییەی لە پارێزگای سلێمانییەوە دەرچووە و واژووی سەردار قادر عەلی “لەبری پارێزگاری سلێمانی” لەسەر، بەم نزیکانە پڕۆژەی کارەبای 20 ئەمپێری بۆ هاوبەشەکان لە سلێمانی جێبەجێ دەکرێت.