سلێمانى: بەهۆى زۆرى بەرهەمى ناوخۆوە هاوردەکردنى مریشک کەم دەکرێتەوە

 
لیژنەى دیاریکردنی بەرووبومی پەلەوەری و سامانی ئاژەڵی ڕایگەیاند، بەهۆى زۆرى بەرهەمى ناوخۆوە هاوردەکردنى مریشک کەم دەکرێتەوە.

 لە ڕاگەیەندراوێکى قایمقامیەتى سلێمانیدا ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەی ژمارە ٤٩ی لیژنەی دیاریکردنی بەرووبومی پەلەوەری و سامانی ئاژەڵی پارێزگای سلێمانی لە دیوانی قائیمقامییەت بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد قائیمقامی، قەزای مەڵبەندی سلێمانی بەرێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لە بارەی ھاوردەکردنی ئەو بەرووبوومانەی خواستی ھاوڵاتیانی لەسەرە بە ھاوسەنگی کردن لەگەڵ ڕێژەی بەرھەمی خۆماڵی.

هاوکات ڕزگار حەمە خدر، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی ڕایگەیاند “بەھۆی ھاتنی وەرزی بەھار و زۆربوونی رێژەی بەرووبوومی خۆماڵی پەلەوەری بریاردرا رێگە بدرێت بری ٥٠٠ تۆن مریشک، ٨٠٠ تۆن ماسی، ٦٠٠ تۆن ھێلکە، ١٠٠٠ تۆن گۆشتی سور بە شێوەیەکی تەندروست ھاوردەی پارێزگای سلێمانی بکرێت”.

دیاریکردنی رێژەی ھاوردە کردنی مریشک بە بەراورد بە مانگی نیسان کەمی کردووە، ئەویش بە ھۆی زۆری بەرھەمی خۆماڵی یە کە توانای پڕکردنەوەی بەشێکی زۆری خواستی ھاوڵاتیانی ھەیە لە مانگی ئایاردا.

بری پێویستی ھاوردەکردنی بەرووبومی پەلەوەری و ماسی و ھێلکە و گۆشتی سور بۆ مانگی ئایار، بە ھاوسەنگیکردن لەگەڵ بەرووبوومی ناوخۆ دیاری دەکرێت.