مه‌رزی‌ باشماخ له‌سه‌ری‌ ساڵدا كراوه‌ ده‌بێت

به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ یه‌كێكه‌ له‌مه‌رزه‌ گرنگه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران، ده‌روازه‌یه‌كی‌  گرنگه‌ بۆ ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌‌و سه‌ردانی‌ گه‌شتیاران له‌نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئێراندا، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ ته‌ئكید له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، له‌سه‌ری‌ ساڵدا مه‌رزه‌كه‌ كراوه‌ ده‌بێت به‌ڕووی‌ گه‌شتیار‌و بازرگاناندا.
(ڕۆسته‌م مه‌حمود كۆكۆیی‌) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، مه‌رزی‌ باشماخ به‌به‌ره‌ده‌وامی‌ كراوه‌یه‌ به‌ڕووی‌ گه‌شتیار‌و بازرگاناندا، له‌ڕۆژانی‌ پشوشدا كارمه‌ندانی‌ مه‌رزه‌كه‌ به‌به‌ره‌ده‌وامی‌ كارده‌كه‌ن‌و پێشوازی‌ له‌و میوانانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ئێرانه‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
(ڕۆسته‌م مه‌حمود كۆكۆیی‌) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ وتیشی‌:”مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ له‌سه‌ری‌ ساڵدا كراوه‌ ده‌بێت، سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی‌ گومرگ‌و فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ مه‌رزه‌كه‌ش، پێشوازی‌ له‌گه‌شتیار‌و بازرگانان ده‌كه‌ن، بۆ جێبه‌جێكردنی‌ كاروباری‌ گومرگی‌ له‌سه‌ر كاڵا‌و كه‌لوپه‌له‌كانیان”.