هەموو 24 كاتژمێرێك، نزیكەی 50 منداڵا لەنەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی لەدایكدەبن، سلێمانیو كوردستان زۆر بەخێراییو بەشێوەیەكی سروشتیو ناسروشتی ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاد دەكات، ئابوریناسێك ئاماژە بەوە دەكات كە پێویستە زۆر ئیش لەسەر دانیشتوانو پلاندانان بۆ مرۆڤ بكرێت چونكە بنەمایەكی گرنگی گەشەی ئابورییە، ئەو دەڵێت “هەتا ئێستا ئیشمان لەسەر مرۆڤی ئەم هەرێمە نەكردووە، كە ئەمە لەهەمووی گرنگترە”.
بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە 1/1 تا رۆژی 30/10/2011 12674 منداڵا لەدایكبوون، ئەمە جگە لەنەخۆسخانە ئەهلییەكانو قەزاو ناحیەو گوندەكانی سەر بەم پارێزگایە، هەرچەندە لەساڵی 1987ەوە سەرژمێری لەكوردستاندا نەكراوە، بەڵام هەموو ئاماژەكان ئەوە دەسەلمێنن كە ژمارەی دانیشتوانەكەی بەڕێژەیەكی زۆر زیادیكردووە، زۆربوونێكی سروشتیو زۆربوونێكی ناسروشتیش. بەپێی زۆرێك لەو ئەزمونانەی هەن، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان فاكتەرێكی گرنگی گەشەی ئابورییە، دیارترین نمونەش لەم روەوە چینو هندستانە.
راگری پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخان “رزگار عەبدولكەریم عەزیز” بەگۆڤاری بازرگانیو پیشەسازی راگەیاند كە زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان لەیەككاتدا سوودو تەكالیفیشی هەیە، ئەو وتی “لەراستیدا كەوتووەتە سەر پلانی حكومەتی ئەو وڵاتە بۆ دانیشتوان، تا چەند ئەو وڵاتە دەیەوێ وەك چینو هندستان تەنها خاوەنی ئابورییەكی بەكارهێنەر نەبێت؟”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە باس لەپلان دەكەین پێویستە بەهەموو كەرتەكانی ئابورییو كایەكانی ژیان بگرێتەوە، لەناو ئەوانیشدا “مرۆڤ” بەشێوەیەكی تایبەتی، ئەو وتی “پێویستە زۆر ئیش لەسەر دانیشتوانو پلاندانان بۆ مرۆڤ بكەین، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان تەنها ئیشمان لەبواری پڕۆژەو بەرزكردنەوەی بیناكاندا كردووە، بەڵام بەڕاستی هەتا ئێستا ئیشمان لەسەر مرۆڤی ئەم هەرێمە نەكردووە، كە ئەمە لەهەمووی گرنگترە. چونكە كە گەشە بەتواناو سەرمایەی مرۆیی دراو مرۆڤت رێكخستەوە، دواجار هەموو شتەكان رێكدەبنەوە”.
وتیشی “چین زیاد لەملیارێكو 300 ملیۆن كەسە چۆن رێكخراوە، كەچی كوردستان نزیكەی 4 بۆ 5 ملیۆن كەسە، چۆن پەرتەوازەو ناڕێكخراوە؟ ئەركی هەر دەسەڵاتو كۆمەڵگەیەك ئەوەیە پێش هەموو شتێك ئینسانەكانی رێكبخاتەوە
كە ئینسان رێكخرایەوە تەندروستیو خوێندنو هەموو كایەكانی تر رێدەبێتەوە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە خاڵێكی َێكی تر پەیوەست بەرێكخستنەوەی مرۆڤ، دابەشكردنیەتی بەسەر ناوچە جوگرافیەكانو بەسەر شارو گوندەكاندا، كۆبوونەوەی حەشامەتێكی یەكجار زۆر لەشارە گەورەكانی هەرێمدا، هاوسەنگیی نێوان رووبەرە جوگرافیەكانو شارو گوندەكانی بەتەواوی تێكداوە، ئەو وتی “گەر لەسەر ئەم رێچكەیە بڕۆین، ئەوا گەشەی ئابوری بەخۆمانەوە نابینین، گەشەی ئابوری پەیوەندی بەبەرنامەڕێژی تۆكمەو پلاندانانەوە هەیە كە لەكوردستاندا نابینرێت، گرفتی هەرە گەورەی ئێمە ئەوەیە نزیكەی 50% بۆ 60% كۆی دانیشتوانی هەرێم لەشارە گەورەكانی وەك سلێمانیدا دەژین”.
وتیشی “پێشبینی كردنی ئەوەی كە زۆربوونی دانیشتوان لەهەرێمی كوردستاندا دەبێتە هۆی گەشەی ئابوری زەحمەتە، چونكە تا ئەم ساتەوەختە هەنگاوێكی جددیمان بەرەو ئاڕاستەیە نەناوە، زۆربوونی دانیشتوان بەبێ گەشەدان بەتوانای مرۆڤو رەخساندنی هەلی كارو بەرزكردنەوەی داهاتی تاكەكەس، گەشەی ئابوری بەدوادا نایەت”.