خانمێك كارگه‌یه‌كی‌ ئامادەکردنی جلوبه‌رگی‌ پێشمه‌رگه‌ داده‌مه‌زرێنێت

زرێبار هه‌ورامی‌ خانمه‌ بازرگان‌و خاوه‌نی‌ كۆمپانیای‌ “زرێبار”، كه‌ كارگه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌دورینی‌ جلوبه‌رگی‌ سه‌ربازیی‌ له‌سلێمانی‌ دامه‌زراندووه‌، له‌م گفتوگۆیه‌ی‌ گۆڤاری‌ “بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی”دا ده‌ڵێت “به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا هیچ گرێبه‌ستێکمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ نیه‌، ته‌نانه‌ت هیچ كه‌سایه‌تییه‌ك سه‌ردانی نه‌كردوین تا ده‌ستخۆشیه‌كمان لێبكات”.

بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌: بیرۆكه‌ی دانانی كارگه‌كه‌ له‌كوێوه‌ ده‌ستیپێكرد؟
زرێبار هه‌ورامی: داوای ئه‌وه‌ی وازم هێنا له‌كاری ڕاگه‌یاندن هێنا، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م بیرمان كردوه‌ كارگه‌یه‌كی جل‌و به‌رگی سه‌ربازی  دابنێین، چونكه‌ تا ئێستا كارگه‌یه‌كی تری له‌م جۆره‌ له‌كوردستان‌و عێراقدا نیه‌، به‌پێوستمان زانی كوردیش ببێته‌ خاوه‌نی كارگه‌یه‌كی له‌م جۆره‌و به‌رهه‌می ناوخۆیمان هه‌بێت.

بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌: وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هیچ گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ ئێوه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانتان لێبكڕن؟
زرێبار هه‌ورامی: به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا هیچ گرێبه‌ستێکمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ نیه‌، ته‌نانه‌ت هیچ كه‌سایه‌تییه‌ك سه‌ردانی نه‌كردوین تا ده‌ستخۆشیه‌كمان لێبكات، له‌كاتێكدا كه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان‌و وه‌زاره‌تی ناوخۆ كه‌ خۆیشیان باش ده‌زانن ئه‌م ئیشه‌ی من كردومه‌ كارێكی‌ گرنگه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌دارێك یان به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كات‌و پاره‌ی‌ زۆری‌ ده‌وێت تا بتوانێت ٤ هه‌زار بۆ ٥ هه‌زار جلی سه‌ربازیی بهێنێت، به‌ڵام من ئه‌توانم له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا هه‌زار بۆ دوو هه‌زار جل‌و به‌رگی سه‌ربازی به‌رهه‌مبهێنم‌و راده‌ستی‌ ئه‌وانی بكه‌م.

بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌: تا چه‌ند گرنگه‌ خانمانیش شان به‌شانی پیاوان ڕۆڵیان هه‌بێت له‌كاروباری بازرگانیدا؟
زرێبار هه‌ورامی: له‌كوردستان خانمه‌ بازرگان كه‌مه‌، به‌شێكی‌ هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ داب‌و نه‌ریتی‌ كۆمه‌ڵگه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ئێستادا قه‌یرانی دارایی هه‌یه‌ كه‌س ناوێرێت ده‌ستبداته‌ ئه‌م جۆره‌ پرۆژانه‌، چونكه‌ ده‌ترسن له‌وه‌ی زیان بكه‌ن، به‌گشتی رۆڵی ژنان له‌گشت بواره‌كانی ژیاندا له‌باشووری كوردستان لاوازه‌ له‌ڕووی سیاسی‌و كه‌رتی تایبه‌ت‌و بازرگانیشه‌وه‌.

بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌: ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ هه‌لی كاری بۆ چه‌ند هاوڵاتی ڕه‌خساندوه‌‌و به‌رهه‌م هێنانیشی‌ له‌ چ ئاستێكدایه‌؟ 
زرێبار هه‌ورامی: له‌ئێستادا ته‌نها هه‌شت كرێكار له‌لام ئیش ده‌كه‌ن، به‌ڵام من پێویستم به‌ ٢٥ گه‌نجی تره‌ كه‌ له‌م كارگه‌یه‌دا ئیش بكه‌ن، به‌رهه‌مه‌كه‌شمان وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد له‌هه‌فته‌یه‌كدا ده‌توانین ١ هه‌زار بۆ 2 هه‌زار جلوبه‌رگی سه‌ربازی به‌رهه‌مبهێنین به‌كوالێتیه‌كی به‌رز، كه‌ كێبڕكێی‌ به‌رهه‌می ده‌ره‌كی ده‌كه‌ین له‌جۆر‌و كۆالێتیدا، هه‌روه‌ها له‌ڕووی نرخیشه‌وه‌.

بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌: وه‌ك ئاماژه‌تان پێدا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵتان نیه‌، كه‌واته‌ به‌رهه‌مه‌كه‌تان چۆن‌و له‌كوێ ده‌فرۆشرێت؟
زرێبار هه‌ورامی: به‌رهه‌مه‌كانم ده‌فرۆشین به‌هه‌ندێك بازرگان‌و فرۆشیاره‌كانی كه‌ل‌و په‌لی سه‌ربازی كه‌ سه‌ردانمان ده‌كه‌ن‌و گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین، به‌نیازیشین له‌داهاتوودا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بدوێین.

بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌: پلانتان هه‌یه‌ له‌داهاتوودا ئه‌م پرۆژه‌یه‌ فروانتر بكه‌ن‌و هه‌لی كار زیاتر بڕه‌خسێنن؟
زرێبار هه‌ورامی: به‌ڵێ‌ بیرمان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌، له‌ئێستادا هه‌لی كارمان بۆ گه‌نجان ره‌خساندوه‌ كه‌ بێن لێره‌ هه‌م فێر بن‌و ئیشی خۆیان بكه‌ن، هه‌م به‌نامه‌مان هه‌یه‌ كه‌ پڕۆژه‌كه‌شمان فراوانتر بكه‌ین، دیاره‌ فروانكردنی پرۆژه‌كه‌ش به‌وه‌ ده‌كرێت بتوانین له‌شاره‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان لقمان هه‌بێت.
 
گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی