45 رۆژە بەشه ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان دابەش نەكراوە

لەبازارەكانی هەرێمی كوردستان نرخی ئارد گران بوەو ماوەی 45 رۆژە بەشه ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان لەڕێگەی بریكارەكانی خۆراك دابەش نەكراوە و هۆكارەكەیشی ئەوەی كە لەبەغداوە رەوانەی هەرێم نەكراوەو رێژەیەكی زۆریش بۆ موسڵ رەوانەكراوە .

لە ئێستادا له هەندێك شوێن یەك فەرده ئاردی بایەعی بووەته 20 هەزار دینارەو ئیبراهیم عەبدولحەمید، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكانی دانەوێڵە له وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاندوە: هیچ كێشەیەكیان نییه و دووباره دەست دەكرێتەوه به دابەشكردنی ئارد، و “ماوەی چەند رۆژێك بوو گەنم نەدرابووه ئاشەكان، بەڵام دەستمان كردووەتەوه به پێدانی گەنم بۆ ئاشەكان و هیچ كێشەیەكمان نییە.

 ئاماژەی بەوەش كردووە: دواكەوتنی پێدانی بەشه گەنم به ئاشەكان هەندێك جار روو دەدات “ماوەیەكی دەوێت تا بەشه ئاردەكان بنكه بنكه دابش دەكرێت و تەسفیەی حیسابات دەكرێت، بەڵام دواتر كه نووسراومان بۆ دێت ئێمەش گەنم بۆ ئاشەكان دەنێرین و دەكرێته ئارد و دابەش دەكرێت”.

ئەو بەرپرسەی كۆمپانیاكانی دانەوێڵه له وەزارەتی بازرگانی دڵنیایی دەداته هاووڵاتییان، كه دابەشكردنی ئارد وەكوو خۆی بەردەوام دەبێت، وتیشی: “هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوه گەنم هەیه و پڕۆسەی دابەشكردنی ئارد بەردەوام دەبێت و هیچ گرفتێك لەئارادا نییه”.