خه‌ڵكیی‌ خۆشحاڵ‌ دەكه‌ین

ڤید گۆلفمان

له‌و دوانزه‌ ساڵه‌ی‌ كه‌ له‌ئه‌پل كارم كرد، هه‌رگیز بۆ مه‌به‌ستێكی‌ دیاریكراو له‌گه‌ڵ‌ ستیڤ جۆبز دانه‌نیشتم، هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌كو ته‌واوی‌ كارمه‌ندانی‌ ئه‌پل ئه‌وم له‌قاوه‌خانه‌ی‌ Macs یان له‌كاتی‌ پیاسه‌كردندا له‌گه‌ڵ‌ جۆن ئایو له‌حه‌وشه‌ی‌ ئاینفینیت لۆپ ده‌دی‌‌و له‌چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كیش ده‌مدی‌ كه‌ ئه‌و پێیده‌كردین. به‌ڵام هه‌رگیز راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیم به‌ستیڤ جۆبزه‌وه‌ نه‌بوو، تا مارسی‌ 2010، ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی‌ مابوو بۆ نمایش كردنی‌ فه‌رمی‌ ئایپاد، كه‌ هۆكارێك بۆ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌كردنی‌ هاته‌پێش. یه‌كێك له‌هاوڕێكانم له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ تووشی‌ شێرپه‌نجه‌ ببوو ده‌مرد‌و من ده‌مویست تا ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ بچم بۆ فرانسیسكۆ‌و دوا دیدار‌و گفتوگۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكه‌م. ئه‌م خانمه‌ یه‌كێك بوو له‌و دۆستانه‌ی‌ له‌رۆژگاری‌ كاركردندا له‌ئادوبی‌ ناسیم‌و زۆر عاشقی‌ ته‌كنه‌لۆژیا بوو. 

له‌به‌رئه‌وه‌ بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ بینینی‌ ئایپاد ده‌توانێت دڵده‌ره‌وه‌و ئارامبه‌خشێكی‌ باش بێت له‌م دۆخه‌ی‌ ئه‌وی‌ تێكه‌وتوه‌، من ئایپادێكم لابوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هێشتا به‌رهه‌مه‌كه‌ به‌فه‌رمی‌ نمایش نه‌كرابوو، نه‌مده‌توانی‌ به‌بێ‌ مۆڵه‌تی‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ ئه‌پڵ‌ نیشانی‌ كه‌سی‌ بده‌م. هیچ رێگه‌یه‌ك نه‌بوو كه‌ بتوانم ئایپاد له‌گه‌ڵ‌ خۆم ببه‌م مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ستیڤ خۆی‌ رێگه‌م بدات. ده‌مزانی‌ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له‌به‌ڕێوه‌به‌ران رێگه‌‌و كارێكی‌ هه‌ڵه‌یه‌. هیچ كه‌س ئه‌م رێگه‌ مه‌ترسیداره‌ ناگرێته‌به‌ر. 

ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ ئاست ناوه‌ند ده‌یانتوانی‌ پشتیوانی‌ له‌م خواسته‌ بكه‌ن‌و پێده‌چوو تاقیكردنه‌وه‌ی‌ به‌فیڕۆدانی‌ كات بێت. وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ سووك‌و ئاسان “نا” ده‌بێت‌و به‌دڵنیایی‌ جگه‌ له‌مه‌ هیچی‌ دیكه‌ نابیستم. كه‌سیش بایه‌خی‌ به‌داواكارییه‌كه‌م نه‌ده‌دا. 

له‌به‌رئه‌وه‌ ئیمه‌یلێكم بۆ ستیڤ نوسی‌:
سڵاو،
ئه‌مڕۆ “سێشه‌ممه‌” ده‌چمه‌ سه‌ردانی‌ دۆستێكی‌ ئازیزم له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ سان فرانسیسكۆ كه‌ له‌سه‌ره‌مه‌رگدایه‌. پێیانوتم ره‌نگه‌ ته‌نها تا ئه‌م هه‌ینییه‌ بژی‌. به‌مدواییه‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ سییه‌كانی‌ بۆ كرابوو، هه‌موومان هیواداربووین باشتر بێت به‌ڵام بێ‌ ئه‌نجام بوو. بۆ كاركردن به‌ئایپاد رێگه‌ی‌ هه‌ڵگرتن‌و به‌كارهێنانیم پێدراوه‌و خۆم پاراستنی‌ ئه‌پل زۆر به‌جدی‌ ده‌گرم. هیوادارم مۆڵه‌تی‌ ئه‌وه‌تان لێوه‌ربگرم كه‌ وێنه‌ی‌ بگرم‌و له‌سه‌ر شاشه‌ی‌ ئایپاده‌كه‌ پیشانی بده‌م، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ 3ی‌ ئه‌بریل كاتی‌ به‌فه‌رمی‌ نمایش كردنی‌. له‌هه‌لومه‌رجی‌ ئاساییدا داوایه‌كی‌ له‌مجۆره‌م لێتان نه‌ده‌كرد‌و چاوه‌ڕوانیش ناكه‌م ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر ئه‌م خواسته‌ بنوێنرێت. سوپاس بۆ وه‌ڵام‌و سه‌رنجدانتان له‌داواكارییه‌كه‌م. 
 
دیڤید گۆلڤمان دەڵێت: وه‌كو ئه‌حمه‌قه‌كان له‌خوله‌كی‌ 90دا ئه‌م داواكارییه‌م ناردو چاوه‌ڕوانی‌ وه‌ڵامیشم نه‌ده‌كرد، بێهوده‌ بوو چاوه‌ڕێ‌ كردنی‌ موجیزه‌. سه‌ڕه‌رای‌ ئه‌وه‌ش، 3 خوله‌ك دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئیمه‌یله‌كه‌م نارد، وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ هاته‌وه‌:  
ستیڤ جۆبز: OK
Sent From My iPhone
به‌وشه‌ بۆم ده‌رنابڕدرێت كه‌ چه‌ند به‌م وه‌ڵامه‌ خۆشحاڵ‌ بووم. OK ته‌نها دو پیت بوو، به‌ڵام دنیایه‌ك پڕ مانا بوو. له‌زۆربه‌ی‌ وتاره‌كانیدا ستیڤ ده‌یووت “هۆكاری‌ ئه‌نجامدانی‌ كاره‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌كانمانه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ خۆشحاڵ‌ بكه‌ین”. ئه‌و رۆژه‌ ستیڤ ده‌رفه‌تی‌ به‌من دا به‌كۆمه‌كی‌ به‌ری‌ ره‌نج‌و ئه‌و كار‌و ماندووبوونانه‌ی‌ به‌كاتێكی‌ زۆر ئه‌نجاممان دابوو چاكه‌ به‌رامبه‌ر به‌هاوڕێكه‌م بكه‌م، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ په‌یڕه‌وی‌ له‌یاساش نه‌ده‌كرد. 

ئه‌و رۆژانه‌ ده‌رباره‌ی‌ رۆح‌و دڵی‌ ئه‌پل كه‌وتبومه‌ گومانه‌وه‌. ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ بچوكه‌ی‌ ستیڤ كۆمه‌كی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێكردم كه‌ دوباره‌ وره‌م به‌ده‌ستبهێنمه‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ ته‌واوی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ كه‌ به‌سه‌ر سه‌ری‌ هاوڕێكه‌مه‌وه‌ بووم بێهۆش‌و ئایپاده‌كه‌ له‌كیفه‌كه‌دا بوو. ئه‌و هه‌مان رۆژ چاوی‌ لێكنا، به‌ڵام من خۆشحاڵ‌ بووم له‌وه‌ی‌ كه‌ له‌پاڵییه‌وه‌ بووم، ئه‌م ئاماده‌بوونه‌ زۆر كاریگه‌ر بوو. وه‌ك وه‌ڵامه‌ دوو پیتییه‌كه‌ی‌ ستیڤ.
 
گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی