له‌هه‌رێم ناوی‌ بێكاران تۆمار ده‌كرێت

به‌مه‌به‌ستی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كاری‌ گونجا‌و بۆ بێكاران وه‌زاره‌تی‌ كارو كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ داوا له‌بێكارانی‌ كوردستان ده‌كات، له‌بنكه‌كانی‌ به‌كارخستنی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌ت، له‌شاره‌كانی‌ (هه‌ولێر، سلێمانی‌‌و دهۆك) ناوی خۆیان تۆماربكه‌ن.
به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ كارو كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ،داوا له‌بێكارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌شارو شارۆچكه‌كان ده‌كرێت، سه‌ردانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی‌ به‌كارخستن له‌هه‌ریه‌كه‌ له‌پارێزگاكانی‌ هه‌رێم بكه‌ن، به‌مه‌به‌ستی‌ تۆماركردنی‌ ناوه‌كانیان وه‌ك بێكار‌و پێدانی‌ كۆدێكی‌ تایبه‌ت له‌لایه‌ن بنكه‌كانی‌ به‌كارخستن.
له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، ئامانج له‌جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ سیستمی‌ داتا به‌یس بۆ ناونوسكردنی‌ بێكاران‌و دڵنیابوون‌و ده‌ركه‌وتنی‌ ڕێژه‌ی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ بێكاریی‌و دیاریكردنی‌ ته‌مه‌ن‌و شێوازی‌ بێكارییه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان.
شوێنی‌ ناونوسینی‌ بێكاران له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ به‌كارخستن‌و ڕاهێنانی‌ پیشه‌یی له‌هه‌ولێر، سه‌ر ڕێگه‌ی‌ (هه‌ولێر – كه‌ركوك)، به‌رامبه‌ر به‌نزینخانه‌ی‌ مه‌نتكاوه‌، هه‌روه‌هاش له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ به‌كارخستن‌و ڕاهێنانی‌ پیشه‌یی‌ له‌سلێمانی‌، (هوانه‌- سه‌ر ڕێگه‌ی‌ عه‌ربه‌ت) پشت عه‌لوه‌ تازه‌كه‌، له‌گه‌ڵ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ به‌كارخستن‌و ڕاهێنانی‌ پیشه‌یی له‌دهۆك له‌گه‌ڕه‌كی‌ (گرێ‌ باسێ‌) له‌نزیك چوار ڕیانی‌ مه‌م‌و زین.