ئوسترالیا مەرجی نوێ دادەنێت بۆ بەدەستهێنانی رەگەزنامە


سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، وڵاتەكەی مەرجی نوێ دادەنێت بۆ بەدەستهێنانی رەگەزنامە.

مالكۆڵم ترنبۆڵ-ی سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، بەشێك لەمەرجەكان بریتین لە زانینی زمانی ئینگلیزی بەشێوەیەكی باش و هەڵكردن لەگەڵ “بەهاكانی ئوسترالیا”، ماوەی هەڵسەنگاندنیش درێژ دەكرێتەوە بۆ چوارساڵ.

وەزیری كۆچی حكومەتی ئوسترالیاش رایگەیاند، هەڵسەنگاندنی ” مەدەنیانە”ی كۆچبەران زیاتر دەكرێن و چەند پرسیارێكی تریان بۆ زیاد دەكرێت كە تایبەتن بە “توندوتیژی خێزانی”. 

پێشتر هەر كۆچبەرێك كە رووی لە ئوسترالیا دەكرد، تەنهاماوەی ساڵێك چاوەڕێی دەكرد تا رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی پێ دەدرا.

ترنبۆڵ وتی” ئەوەی ئوسترالییەكانی كۆكردووەتەوە بەها هاوبەشەكانە كە بریتین لە سیاسەت، دەوڵەتی یاسا، دیموكراتی،  ئازادی و رێزگرتن و یەكسانی نێوان پیاوو ژن”.

وتیشی” ئێمە ئوسترالی بەو بەهایاناوە ناسراوین، لەبەرئەوە پێویستە رێوشوێنەكانی وەرگرتنی رەگەزنامە رەنگدانەوەی ئەو بەهایانە بێت، ئەمڕۆ ئەو گۆڕانكاریانە رادەگەیەنین بۆ ئەوەی و ئوسترالیایەك و هاونیشتمانی و هاوڵاتییەكی بەهێزترمان هەبێت”.