جموجۆڵە بازرگانییەکان لە کەرتی خانووبەرە سست بووە


هەرێمی کوردستان ماوەی چەند ساڵێکە تووشی کێشەی ئابووری بووە و بەم هۆیەوەشەوە نرخی کەلوپەل لە هەموو کەرتەکاندا دابەزی بەڵام نرخ لە کەرتی خانووبەرە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و خاوەنی یەکێک لە نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو، ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ بەرەوکۆتایی هاتنی شەڕی دژ بە داعش، جموجۆڵە بارزگانییەکان دەستیان پێکردووەتەوە بە تایبەت لە کەرتی خانووبەرە، بەڵام چالاکانی ئەم بوارە پیشەییە نایشارنەوە کە هەر ئاراستەیەکی سیاسی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کەرەتە جیاوازەکان دەبێت.

خاوەنی نووسینگەی حاجی سەلام بۆ کڕین و فرۆشتنی خانوو، حاجی سەلام وتی: “ئەگەر باسی ساڵیک بەر لە ئێستا بکەین ئەوا بازاڕ زۆر خراپ بوو، دەتوانین بڵێین هەتا ناوەڕاستی ساڵی رابردوو نرخی خانووبەرە لە سەدا ٥٠ دابەزی و هۆکارەکانیش ئەوەبوو کە شەڕی داعش هەبوو، نرخی نەوت دابەزی بوو، بارودۆخی فەرمانبەران خراپ بوو”.

ئەو بازرگانە ئاماژە بەوە دەکات کە لەدوای نیوەی دووەمی ساڵی رابردوو، نرخەکان هەندێک بەرزبوونەوە و جموجۆڵەکانی بازرگانیش دەستی پێکردەوە تاوەکو نەورۆزی ئەمساڵ، بەڵام لەدوای نەورۆز بەهۆی بارودۆخی شاری کەرکووک و پرسی گشتپرسی ئەوا جموجۆڵە بازرگانییەکان تۆزێک سستی بەخۆیەوە بینیووە و لەمبارەیەوە حاجی سەلام تەقی کەریم وتی: “لەدوای مانگی شەشی ساڵی رابردوو، تاوەکو نەورۆزی ئەمساڵ، بازاڕی خانووبەرە جوڵەی تێکەوتەوە بەڵام دوای نەورۆز و بەتایبەت لەکاتی هەڵکردنی ئالای کوردستان لە شاری کەرکووک و وروژاندنی پرسی ریفراندۆم بازاڕ تۆزێک سست بووە، ئەگەرنا پێشتر هاووڵاتییانی عەرەب خواستی زۆریان هەبوو بۆ کڕینی زەوی و خانوو لە هەولێر”.

حاجی سەلام ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو ناوچانەی لە دەرەوەی شاربوون زیاتر دابەزینی بەخۆیەوە بینی تا ئەوناوچانانەی لە سەنتەری شارن و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “دابەزینی نرخەکان بەجۆرێک بوون بە تایبەت ئەو ناوچانەی لە دەرەوەی شاربوون زیاتر دابەزینییان بەخۆیەوە بینی چونکە ئەو ناوچانەی لەناو شارن خەرجییەکانی رۆژانە کەم دەکاتەوە ئەمەش بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی نرخی ناوشار کەمتر دابەزێت”.

سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم و کاریگەرییەکانی لەسەر نرخی بازاڕ بە تایبەت کەرتی خانووبەرە، حاجی سەلام تەقی کەریم گوتی: “ئەگەر ریفراندۆم بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت ئەوا پێم وایە بەتایبەت هاووڵاتیانی عەرەب دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان موڵکیان هەبێت و جموجۆڵە بازرگانییانەکان وا دەکات کە بازاڕی کڕین و فرۆشتن باش بێت، هاوکات وڵاتانی دراوسێش لە رێگای کۆمپانیاکانەوە وەبەرهێنان دەکەن و ئەمەش کاریگەری ئەرێنیی دەبێت لەسەر کەرتی ئابووری”.

حاجی سەلام ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو نرخانەی پیشووتر هەبووە وەکو خەیاڵ وایە و پێی وانییە کە هەرگیز نرخ بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە بەتایبەت پێش شەڕی داعش و لەمبارەیەوە گوتی :”ئەو نرخانەی ئێمە پێشوتر بینیمان ئەوە وەکو خەیاڵ وابوو، چونکە هەم ئەو پارەیە پەیدا نابێتەوە وهەم نرخەکانیش خەیاڵـی بوون چونکە ئێستا نرخەکان سەدا ٥٠ دابەزیوون”.

قەیرانی دارایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانیشی تووشی هەرەسهێنان کرد و بەم هۆیەوەش ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان مایەپووچی خۆیان راگەیاند و هەندێکیش لە کۆمپانیاکان نرخی فرۆشتن و پشکەکانی خۆیان دابەزاند بۆ ئەوەی پڕۆژەکانییان نەوەستێنن.

بەهۆی ئەوەی پڕۆژەی رۆیا تاوەر لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت و لە کاتی درووستبوونی قەیرانی دارایی نرخەکانییان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاند و ئەمەش بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی کارکردن لە پڕۆژەکەدا نەوەستێت.

رۆیا تاوەر لەسەر رووبەری ٦ هەزار و ٥٠٠ مەتر دووجا دروست دەکرێت کە بریتییە لە باڵەخانەیەکی ٣٠ نهۆمی و پێکهاتووە لە هەزار و ٣٢٠ یەکەی نیشتەجێبوون و سەرپەرشتیارێکی فرۆشتنی پڕۆژەکەش ئاماژە بەوە دەکات کە یەکەکانی نیشتەجێبوون لەکاتی خۆیدا رادەستی خاوەنکانیان دەکرێت.

سەرپەرشتیاری فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی پڕۆژەی رۆیا تاوەر، بلیمەت محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “بەهۆی قەیرانیی داراییەوە پڕۆژەی رۆیا تاوەر بەرێژەی لەسەدا ٣٠ – ٣٥ نرخەکانی داشکاند بۆ ئەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوونی لە کاتی خۆی رادەستی خاوەنەکانییان بکات چونکە بەپێی گرێبەستەکە دەبێت لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٨ تەواوبێت و بە دڵنیاییەوە لە وادەی خۆی تەواو دەبێت”.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٥ نزیکەی ٤٥ ھەزار هاووڵاتی کارەکانیان لەدەستداوە، شەش ھەزار کارمەندی حکوومەتیش بەهۆی نەبوونی مووچەوە کارەکانییان جێھێشتووە، ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی رێژەی بێکاری بۆ نزیکەی سەدا ١٤ بەرزبێتەوە.

ساڵی رابردووش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری، بە ھاوکاری بانکی جیھانی، پلانی ستراتیژیی پاراستنی کۆمەڵایەتی پێنج ساڵی راگەیاند و بەشێکی گرنگی پلانەکە بۆ پڕۆگرامەکانی بازاڕی کار تەرخانکراوە، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ھەلی کاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان.

شارەزایان پێیان وایە سیاسەتی ئابووری عێراق وایکرد کەرتە تایبەتەکان ببنە بازرگانی خانووبەرە نەک کشتوکاڵی و پیشەسازی و خزمەتگوزاری، بۆیە بەم سیاسەتە دەڵێن وڵاتیکی بەکارھێنەر نەک بەرھەمھێنەر، لەو حاڵەتەشدا ھەرکاتێک ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی ئەوەدا بێت بگەڕێتەوە ژێر رکێفی ئابووری عێراق ئەوا ھیچ گرفتێکی ئابووری بۆ چارەسەر نابێت.