ئەو خانووانەی دەكەونە سنووری گوندەكانەوە تاپۆ دەكرێن ‌ ‌

 
دوای بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی تاپۆكردنی ئەو خانووانەی كە لە گوندەكاندان، بەڵام كەوتوونەتە ناو ماستەرپڵانی شارەكانەوە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی روونكردنەوەیەك بۆ هاووڵاتیان بڵاودەكاتەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنەكەش بڕی ئەو پارەیەی پێشبینی دەكرێت لە هاووڵاتیان وەربگیرێت، ئاشكرادەكات.

خانووی حەرەمی گوندەكان
لەكۆبوونەوەی دووشەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا، رەزامەندی نیشاندرا لەسەر رێنمایی تەملیك كردنی خانووە نیشتەجێكانی حەرەمی گوندەكان لە سنووری نەخشەڕێگەی پەسەندكراوی گوندەكان، بەمەرجێك تەنیا ئەو حاڵەتانە بگرێتەوە كە بەگوێرەی یاساو رێنماییەكان مەرجی پێویستی یاساییان تێدایە.
رێبوار بازیانی ئەندامی لیژنەی شارەوانییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە، بابەتی تاپۆكردنی خانووی سنووری گوندەكان پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانەوە رەوانەی وەزارەتی شارەوانیی حكومەتی هەرێم كراوەو خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، ئەوەش دوای پەسەندكردنی نەخشەی ئەو گوندو ناوچانەی لە سنووری ماستەرپڵانەكاندان.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ: «لەبەرامبەر تاپۆكردنی هەر خانوویەكیشدا، بڕە پارەیەك لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت وەك رسومات، چونكە پێشتریش بەر لەسەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەكاتی تاپۆكردنی خانوو یان زەوی، رسومات هەر وەرگیراوە».

بە كاش وەردەگیرێت
سەبارەت بەوەش ئاخۆ بڕی چەند لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت، رێبوار بازیانی روونیكردەوە، «لەبەرئەوەی لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیارەكە دەركراوە، بۆیە تائێستا بڕی وەرگرتنی رسوماتەكە بە تەواوی دیاری نەكراوە».
وتیشی: «ئەگەر بۆ هەر مەترێك دوجا ١٠ هەزار دیناریش وەك رسومات وەربگیرێت، ئەوا بۆ هەر ٢٠٠ مەتر زەویەك بڕی دوو ملیۆن دینار لەبەرامبەر تاپۆكردنی خانووەكاندا وەردەگیرێت».
ئەوەشی وت: «بەڵام وەرگرتنی ئەو رسوماتەش لەسەر هاووڵاتیان بەهیچ شێوەیەك ناكرێتە قیست، بەڵكو بەكاش وەردەگیرێت».

کوردستانی نوێ