خاڵە لاوازو بەهێزەكانی كەرتی كشتوكــــــــــــاڵ‌و ئاژەڵ‌و پەلەوەرو ماسی

 
د.ئاری سه‌لاحەدین مەعروف، بەڕێوەبەری ڤێتەنەری سلێمانی لەم ڕاپۆرته‌ی گۆڤاری بازرگانی‌و پیشه‌سازییدا زانیاری تەواو لەسەر سامانی ئاژەڵ‌و پەلەوەرو ماسی دەخاتەروو ئەو دەڵێت “كەرتی سامانی ئاژەڵ‌و پەلەوەرو ماسی‌و بەروبوومەكانیان ڕۆلێكی گرنگ دەبینێت لەدەستبەركردنی ئاسایشی خۆراك‌و دواتر ئاسایشی ئابوری هەرێمەكەمان، بۆیە پێویستی بەهاوكاری‌و پشتوانی زیاتر هەیە”.

لەسنوری پارێزگای سلێمانی سەرەڕای هەبوونی دەیان پرۆژە بەخێوكردنی ئاژەڵ‌و پەلەوەرو حەوزی ماسی، بەڵام نەتواندراوە پێداویستیەكانی هاوڵاتیان لەدابینكردنی گۆشتی سپی‌و سور پڕبكرێتەوە بۆیە لەدەرەوە هاوردە دەكرێت.

سامانی ئاژەڵ‌و پەلەوەر لەپارێزگای سلێمانی 
د.ئاری سه‌لاحەدین مەعروف، بەڕێوەبەری ڤێتەنەری سلێمانی لەبارەی سامانی ئاژەڵەوە وتی “سامانی ئاژەڵ لەپارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی 2016 زیاتر لە(1،500،000)  (یەك ملیۆن و پێنج سەد هەزار) ئاژەڵی بچووك واتە مەڕو بزن‌و زیاتر لە(150،000) سەدو پەنجا هەزار ئاژەڵی گەورە واتە ڕەشەوڵاخ‌و نزیكەی (800) گامێش زیاتر لە(1.500) گوندی سنووری پارێزگاكەمان لەلایەن نزیكەی (16.000) خاوەن ئاژەڵەوە  بەخێو دەكرێن، لەگەڵ بوونی (34) (سی و چوار) پرۆژەی ئاژەڵی جۆراوجۆر وەك (پرۆژەكانی مانگای شیرو قەڵەوكردنی ئاژەڵ”. 

پرۆژەكانی پەلەوەر 
 د.ئاری لەبارەی مریشكەوە ڕایگەیاند “ژمارەی پرۆژەكانی پەلەوەری گۆشت بریتییە لە(504) پرۆژەكە (648) هۆڵ لەخۆدەگرێت‌و (3) سێ پرۆژەی دایكانەی گۆشت‌و(8) هەشت پرۆژەی هەڵهێنەری جوجك‌و (2) دوو سەربڕینخانەی پەلەوەرو (5) پێنج كارگەی دروستكردنی ئالیك، بەڵام بەداخەوە هیچ پرۆژەیەكی دایكانەی هێلكەی خواردن لەپارێزگاكەمان بوونی نییە”.

پرۆژەكانی ماسی‌و پەنجەماسی 
 لەبارەی پڕۆژەكانی ماسیەوە د.ئاری وتی “ژمارەی پرۆژەكانی ماسی بریتین لە(3) سێ پرۆژەی هەڵهێنەری پەنجەماسی (1 پرۆژەی حكومی‌و 2 پرۆژەی كەرتی تایبەت)، لەگەڵ (164) پرۆژەی حەوزی گڵ مۆڵەتدارو بێ مۆڵەت‌و (9) نۆ پرۆژەی حەوزی كۆنكرێت بۆ ماسی قزلالەو (5) پێنج پڕۆژەی ماسی هەڵواسراو (3 لەدەربەندیخان‌و 2 لەدوكان)، سەرەڕای بوونی (2) دوو دەریاچەی گەورەی دوكان‌و دەربەندیخان كە نزیكەی (350كم2) ڕووبەری ئاویان هەیە بۆ بەرهەمی ماسی”.

د.ئاری ئەوەش ڕوندەكاتەوە كە ئامانجی سەرەكی ئەم  پرۆژانەی ئاماژەیان پێدرا بریتییە لەدابینكردنی بەرهەمی گۆشتی سورو سپی‌و شیرەمەنی بۆ زیاتر لە(2،000،000) دوو ملیۆن هاوڵاتی لەدانیشتوانی پارێزگای سلێمانی بەدانیشتوانی بنەڕەت‌و ئاوارەكانەوە، هەرچەندە تا ئێستا بوونی ئەم پرۆژانە نەیتوانیوە 100% پێداویستی ناوخۆ لەبەروبوومەكان پڕبكەنه‌وەو دابینی بكەن لەهەموو بوارەكاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەهەندێك بواردا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە هەروەك لەدابینكردنی گۆشتی مریشك كە نزیكبۆتەوە لەڕێژەی 100% كە ئەگەر پرۆژەكان بەتوانای 100% كاربكەن، نەك هەر پێداویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە بەڵكو دەتوانرێت ڕەوانەی دەرەوەش بكرێت.

خاڵە لاوازو بەهێزەكانی كەرتی كشتوكاڵ‌و ئاژەڵ‌و پەلەوەرو ماسی 
بەڕێوەبەری ڤێرتەرنەری سلێمانی ئاماژە بەوەش دەكات بۆ پێشخستنی كەرتی سامانی ئاژەڵ خاڵی بەهێزو خاڵی لاوازمان هەیە لەبارەی خاڵە بەهێزەكان، ئه‌و وتی “یه‌که‌م، بوونی هێزی كار یان سەرچاوەی مرۆیی. (هەرچەندە ئەم سەرچاوەیە پێویستی بەگەشەپێدانی بەردەوام هەیە لەڕووی كردنەوەی ۆرك شۆپ‌و خولی ڕاهێنان بەڵام توانراوە بەباشی سوود لەم سەرچاوەیە وەر بگیرێت. دووه‌م،  بوونی كەش‌و هەوای گونجاو، زەوی بەپیت، لەگەڵ دوو دەریاچەی گەورەی دوكان‌و دەربەندیخان كە بەسەرچاوەیەكی باشی كەرتی كشتوكاڵی دادەنرێن”.

د.ئاری سەبارەت بە خاڵە لاوازەكان وتی “یه‌که‌م، گرنگی نەدانی كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكەرتی كشتوكاڵ لەهەرێمی كوردستان. دووه‌م، قەیرانی دارایی‌و ئابووری‌و كەمی بودجەی تەرخانكراو بۆ كەرتی كشتوكاڵ‌و نەگەیشتنی لەكاتی پێویستدا.سێهه‌م، ڕۆتینی ئیداری‌و زیادەڕەوی لەمەرجە هونەرییەكان بۆ دروستكردنی پرۆژە  چوار، رەچاوكردنی سیاسەتی پشتیوانیكردنی بەرهەم لەلایەن وڵاتانی دراوسێ كە بۆتە هۆی زیادبوون‌وهەرزان بوونی بەرهەمی هاوردەكراو بەنرخێكی هەرزانتر لەبەرهەمی ناوخۆ”. 

وتیشی “بۆ ئەوەی بتوانین كەرتی سامانی ئاژەڵ‌و پەلەوەر كە كەرتێكی گرنگە بڕەوی پێبدەین‌و بەرەو پێشیبەرین بەتایبەتی لەم كاتەدا كە هەرێمەكەمان ڕووبەڕووی قەیرانێكی دارایی‌و ئابووری قورس بۆتەوە پێویستە میكانیزم‌و پلانی نوێ بگیرێتە بەر”.
ده‌رباره‌ی ئه‌و میکانتزم‌و پلانانه‌ش، ئه‌و وتی “یه‌که‌م،  پاڵپشتی كردنی بەرهەمی ناوخۆ 

بەشێوەیەك كە پێویستی بەبودجە نەبێت وەك پاڵپشتیكردنی هێنانەخوارەوەی نرخی تێچوون (دابین كردنی كارەباو سوتەمەنی)و دۆزینەوەی بازاڕو شێوازی نوێ بۆ ساغ كردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ. دووه‌م.  گۆڕانكاری‌و هەمواركردنەوەی یاساو ڕێنمایییەكان كە بوونەتە كۆسپ‌و لەمپەر بۆ گەشەكردنی سامانی ئاژەڵ‌و بەرهەمی ناوخۆ.

سێهه‌م، زیادكردنی باج‌و گومرگ لەسەر بەروبوومی هاوردە بەشێوەیەك كاریگەری هەبێت لەسەر زیادكردنی بەروبوومی ناوخۆو ڕێگری بكات لەهاوردەكردنی بەروبووم.چواره‌م،  گرنگیدانی زیاتر بەبواری خزمەتگوزاری ڤێتێرنەری، دەتوانرێت هەندێك لەخزمەتگوزارییەكان بدرێتە كەرتی تایبەت‌و ئەركی دەزگاكانی حكومەت تەنها چاودێری كردن‌و ڕێنمایی‌و ڕاهێنان‌و توێژینەوەی زانستی بێت بۆ پێشخستنی بوارەكە”.
 
گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی