نوێنەری 10 رێكخراوی كەرتی تایبەت لەشاری سلێمانی، داوادەكەن حكومەت جیاوازیی نەكان لەنێوان رێكخراوەكانی هەولێرو سلێمانیداو نوسراوەكانیان بەهەند وەربگیرێت.
نوێنەری 10 رێكخراوی كەرتی تایبەت لەشاری سلێمانی كۆبونەوەو جەختیان كردەوە، پێویستە دەستەڵاتی رێكخراوەكانی كەرتی تایبەت لەسلێمانی بخرێنەوە ئاستی رێكخراوەكانی هەولێرو دهۆكو لەكاتی پێویستدا حكومەت راوێژیان پێ بكرێت”.
یاسین مەحمود رەشید وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان كە ئامادەی كۆبونەوەكە بوو، راگەیاند: پاش ئەوەی ژوری پیشەسازیو بازرگانی هەولێر نوسراوی ئاراستەی وەزارەتەكان كردووەو ئاماژەی بەوەداوە كە هیچ نوسراوێكی كەرتی تایبەت لەسلێمانی قبوڵ نەكەنو كاری پێ نەكەن، نزیكەی 10 رێكخراوی كەرتی تایبەت كۆبوینەتەوەو یەك هەڵوێستن لەپێناو گەڕانەوەی متمانەو دەستەڵات بۆ رێكخراوەكانمان.
بەوتەی ناوبراو، حكومەت دەستەڵاتی كەرتی گشتی لەسلێمانیدا لاواز كردووەو دەستەڵاتی فەرمانگەكان تەواو كەمكراونەتووە، “كەرتی تایبەتی لەسلێمانیش لەلایەن حكومەتەوە هیچ راوێژێكی پێ ناكرێتو تەنانەت نوسراوەكانیشمان قبوڵ ناكرێنو لەلای فەرمانگەكانی حكومەت بەهەند وەرناگیرێن”.
یاسین، بەپێویستی زانی بەرپرسانی حكومەت بەدەم كێشەكەیانەوە بچنو چارەسەری بكەن، دەنا هەڵوێستیان دەبێت، “ئەگەر ئەو یاسایانەی لەلایەن پەرلەمانەوە دەردەچێت، راوێژ بەرێخراوەكانی كەرتی تایبەت لەسلێمانی نەكرێت، ئێمە داوا لەپارێزگار دەكەین بایكۆتی ئەو یاسایانە بكرێت لەناوچەكەدا”.
وتەبێژی وەبەرهێنەران، جەختیكردەوە پێویستە هەموو وەبەرهێنەرانی هەولێرو دهۆكو سلێمانی بەیەك چاو سەیر بكرێنو وتی: “چۆن نوسراوو هەڵوێستی رێكخراوەكانی شارەكانی تر بەهەند وەردەگرێن، لەلایەن فەرمانگەكانی حكومەتەوە، پێویستە بۆ رێكخراوەكانی سلێمانیش بەهەمان شێوە بێت”.
یاسین مەحمود، رونیكردەوە شاری سلێمانی ژمارەیەكی زۆر بازرگانو وەبەرهێنەری گەورەی تیایەو لەهەموو بوارەكاندا وەبەرهێنان دەكەنو پڕۆژەی ستراتیجی بنیاد دەنێتو لەئاوەدانكردنەوەو بنیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری كوردستاندا بەشدارن”.