چاوەڕوان دەكرێت بەهای دۆلار زیاتر دابەزێت


ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، چاوەڕوان دەكرێت نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بە 120 هەزار دیناری عیراقی مامەڵەی پێوە بكرێت‌و دەشڵێت، حكومەتی عیراق رێگە نادات نرخی دۆلار بەرزببێتەوە.

(عەبدولقادر محەمەد) ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق راشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی بانكی ناوەندی عیراق كاتی خۆی لە دانانی یاسای بودجەی 2017دا پێوانەی نرخی دۆلاری لەبەرامبەر دیناری عیراقی بە 118 هەزار دینار دانا، ناچارە پابەندبێت بە ڕاگرتنی نرخی دۆلار‌و رێگە نادات نرخەكەی زۆر بەرزببێتەوە، هەرئەوەش وایكردوە لەمساڵدا نرخی دۆلار وەكو ساڵانی پێشتر بمێنێتەوە‌و نرخەكەی بەرز نەبێتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لە ئێستادا باری دارایی عیراق باشتر نییە لە ساڵانی رابردوو و رێژەی قەرزەكانیشی زیادیكردوە، بەڵام نرخی دۆلار بۆ ئاستێكی بەرز زیادی نەكردووە.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، چاوەڕوان دەكرێت نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عیراق زیاتر دابەزێت، بەجۆرێك نرخی 100 دۆلار بە 120 هەزار دینار كڕین‌و فرۆشتنی پێوە بكرێت.