“ترانزێت” ئابوری‌ كوردستان به‌هێز ده‌كات

 
ساڵانی‌ رابردو، گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ وڵاتان‌و هه‌ڵكشانی‌ ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنان‌و بازرگانی‌، بایه‌خی‌ “ترانزێت”ی‌ وه‌ك ئه‌ڵقه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان بازاڕی‌ به‌كارهێنان‌و به‌رهه‌مهێنان هه‌رچی‌ زیاتر ئاشكرا كرد. ئه‌مڕۆ ترانزێت له‌چه‌ندین ره‌هه‌ندی‌ جیاوازی‌ سیاسی‌‌و كلتوری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابورییه‌وه‌ جێی‌ سه‌رنج‌و بایه‌خپێدانی‌ وڵاتانه‌‌و به‌یه‌كێك له‌سوودمه‌نترین سه‌رچاوه‌كانی‌ بازرگانی‌ له‌جیهاندا هه‌ژمار ده‌كرێت. 

داهاتی‌ زۆروزه‌به‌ندی‌ ئه‌م كه‌رته‌ ئابورییه‌، كێبڕكێی‌ وڵاتانی‌ بۆ ده‌ستبه‌ركردنی‌ ئاسانكاریی‌ پێویست به‌مه‌به‌ستی‌ زیادكردنی‌ پشكی‌ خۆیان له‌م بواره‌دا زیاتر كردوه‌، ره‌خساندنی‌ ئاسایش‌و هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافیی‌‌و رێگاکانی هاتوچۆ  گرنگترین ئه‌و فاكته‌رانه‌ن كه‌ ده‌توانن ببنه‌ زه‌مینه‌سازیی‌ ترانزێت.

كوردستان له‌ڕووی‌ هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافییه‌وه‌ هه‌ر له‌دێرزه‌مانه‌وه‌ رۆڵێكی‌ گرنگی‌ له‌ترانزێتی‌ كاڵا‌و گه‌شتیاردا بینیوه‌، كه‌ كه‌وتوه‌ته‌ نێوان وڵاتانی‌ عێراقی‌ عه‌ره‌بی‌‌و سوریا‌و ئێران‌و توركیاو ئازه‌ربایجان‌و ئه‌رمینیا‌و جۆرجیاوه‌و ده‌رفه‌تی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ وڵاتانی‌ ئاسیای‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ ئاسیا‌و قه‌فقاسیا‌و ئه‌وروپاو رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست بۆ ره‌خساوه‌‌و ده‌توانێت له‌سایه‌ی‌ ته‌كنیك‌و ته‌كنه‌لۆژیای‌ نوێی‌ گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنیشدا ئه‌مڕۆ پردی‌ په‌یوه‌ندی‌ بێت له‌نێوان ئه‌و ناوچانه‌دا‌و رۆڵی‌ به‌رچاوی‌ خۆی‌ له‌ڕاره‌وه‌ ناوچه‌یی‌‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاواو باكورو باشوری‌ گۆی‌ زه‌وییدا ببینێت. 

هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جیوپۆڵه‌تیك‌و جیۆئیكۆنۆمیكی‌ كوردستان، خاڵی‌ به‌هێزی‌ ئه‌م وڵاته‌یه‌ كه‌ وه‌ك راڕه‌وێكی‌ كورت‌و گونجاو له‌نێوان ئه‌و ناوچانه‌دا جێی‌ سه‌رنج‌و بایه‌خپێدانه‌.

چه‌ندین فاكته‌ر له‌هه‌ڵبژاردنی‌ راڕه‌وی‌ ترانزێتدا كاریگه‌رن، له‌وانه‌ “كات، مه‌ودا، ئاسایش، یاسا‌و رێنماییه‌كان، ژێرخانی‌ ئابوری‌‌و رێگاکانی هاتوچۆ”، هه‌موو ئه‌م فاكته‌ره‌ كاریگه‌رانه‌ له‌سه‌ر ترانزێت، ده‌توانن رۆڵی‌ گرنگ ببینن له‌ركه‌به‌ریی‌ وڵاتێك له‌گه‌ڵ‌ وڵاتێكی‌ دیكه‌دا. ده‌سته‌بەرنه‌كردنی‌ به‌شێك له‌م فاكته‌رانه‌ زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌یاندوه‌، به‌تایبه‌تی‌ نه‌بونی‌ رێگه‌ی‌ هاتوچۆی‌ گونجاوو ژێرخانێكی‌ ئابوری‌ به‌هێز رێگرێكی‌ گه‌وره‌ بوه‌ له‌به‌رده‌م سودوه‌رگرتنی‌ گونجاو له‌م كه‌رته‌. ترانزێت هێنده‌ی‌ ئاسایش‌و ئارامیی‌ پێویستیی‌ به‌ژێرخانی‌ تۆكمه‌ی‌ ئابوری‌‌و پێشكه‌وتویی‌ تۆڕه‌كانی‌ هاتوچۆیه‌، كه‌ به‌ڕه‌گه‌زی‌ هه‌ره‌ گرنگی‌ هێنان‌و بردنی‌ كاڵا‌و گه‌شتیار داده‌نرێت له‌جیهاندا.
 
هه‌رچه‌نده‌ وڵاتانی‌ جیهان چالاكانه‌ له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانیان له‌گه‌ڵ‌ كوردستان په‌ره‌پێبده‌ن‌و به‌بڕی‌ ده‌یان ملیار دۆلار كاڵا‌و ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ گه‌شتیار له‌نێوان ئه‌و وڵاتانه‌دا له‌هاتوچۆ‌و گواستنه‌وه‌دان له‌ده‌وربه‌ری‌ كوردستان، به‌ڵام حكومه‌تی‌ هه‌رێم وه‌ك پێویست وه‌به‌رهێنانی‌ له‌كه‌رتی‌ هاتوچۆ‌و پێشخستنی‌ رێگه‌ی‌ وشكانی‌‌و ئاسمانیدا نه‌كردوه‌. 

حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌شیتوانیوه‌ ده‌ستپێشخه‌ریی‌ بكات بۆ زیكبونه‌وه‌ له‌رێكخراوه‌ ئابورییه‌ ناوچه‌ییه‌كان، تا كوردستان له‌ترانزێتی‌ نێوده‌وڵه‌تییدا بایه‌خی‌ ته‌واوی‌ پێبدرێت، به‌تایبه‌تی‌ له‌راڕه‌وی‌ نێوان رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاواو باكورو باشوری‌ گۆی‌ زه‌وییدا، كه‌ وڵاتانی‌ توركیا‌و ئێرانی‌ دراوسێمان ئه‌ندامی‌ كارای‌ ئه‌و رێكخراوانه‌ن‌و گرنگترین ئه‌ڵقه‌ی‌ گرێدانی‌ بازرگانی‌ نێوان ئاسیا‌و ئه‌وروپان كه‌ به‌راورد به‌راڕه‌وه‌ كلاسیكییه‌كان له‌ڕوی‌ مه‌وداو كاته‌وه‌ 20% كورتتره‌‌و له‌ڕووی‌ تێچونه‌وه‌ 30% هه‌رزانتره‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ كاڵا‌و گه‌شتیار.

كوردستان كه‌ له‌ڕوی‌ جوگرافییه‌وه‌ له‌نێوان چه‌ندین وڵاتی‌ ئاسیا‌و ئه‌وروپادا هه‌ڵكه‌وتووه‌، ده‌توانێت له‌راڕه‌وی‌ باكورو باشوردا كه‌ ساڵی‌ 2000 له‌لایه‌ن ئێران‌و روسیا‌و هندستانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ هاوكاریی‌ گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن دامه‌زرا‌و وڵاتانی‌ ئازه‌ربایجان‌و ئه‌رمینیا‌و كازاخستان‌و تاجیكستان‌و توركیا‌و ئۆكرانیا‌و روسیای‌ سپی‌‌و عه‌مان‌و سوریا ئه‌ندامی‌ چاودێرن، رۆڵی‌ خۆی‌ له‌گواستنه‌وه‌ی‌ كاڵا‌و گه‌شتیاردا ببینێت. هه‌روه‌ها له‌راڕه‌وی‌ رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاوادا كه‌ هه‌مان رێگه‌ی‌ دێرینی‌ “ئاوریشم”ه‌، كاڵای‌ ترانزێتی‌ چین‌و ئاسیای‌ ناوه‌ڕاست به‌سنوری‌ كوردستاندا بگوازرێته‌وه‌ بۆ ئاسیای‌ رۆژئاوا‌و وڵاتانی‌ سه‌ر ده‌ریای‌ ناوه‌ڕاست، له‌به‌رامبه‌ریشدا كاڵای‌ ئه‌م وڵاتانه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ بازاڕه‌كانی‌ ئاسیای‌ ناوه‌ڕاست‌و چین. ته‌نانه‌ت ئێستا به‌شێك له‌گواستنه‌وه‌ی‌ كاڵاكان له‌م راڕه‌وه‌دا له‌ڕێگه‌ی‌ مه‌رزی‌ باشماخه‌وه‌ ئه‌نجامده‌رێت. هه‌روه‌ها به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌توانێت له‌گواستنه‌وه‌ی‌ كاڵا‌و گه‌شتیاردا له‌”راڕه‌وی‌ تراسیكا”دا رۆڵ‌ ببینێت، كه‌ ئازه‌ربایجان‌و ئێران‌و ئه‌رمینیا‌و جۆرجیا‌و كازاخستان‌و تاجیكستان‌و ئۆزبه‌كستان‌و بولغاریا‌و مۆلداڤیا‌و رۆمانیا‌و توركیا‌و ئۆكرانیا ئه‌ندامن.

ده‌رفه‌تێكی‌ گونجاو بۆ ترانزێت له‌كوردستاندا ره‌خساوه‌، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێك نه‌نراوه‌ بۆ كردنی‌ به‌واقیعێكی‌ به‌رده‌ست، به‌مه‌رجێك ترانزێت ده‌توانێت له‌كوردستاندا ده‌رفه‌تی‌ زیاتر بۆ گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ بڕه‌خسێنێت، داهات زیادبكات، ناوچه‌ مه‌رزییه‌كان ئاوه‌دان بكاته‌وه‌، هه‌لی‌ كار به‌شێوه‌ی‌ راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ بۆ هاوڵاتیان ده‌ستبه‌ر بكات، گه‌شه‌ به‌كه‌رتی‌ گه‌شتیاریی‌ بدات، كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش یه‌كێك ده‌بێت له‌ڕێگاكانی‌ رزگاربونی‌ كوردستان له‌وابه‌سته‌بون به‌داهاتی‌ نه‌وته‌وه‌.
 
گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی