حکومەتی هەرێم كارەبا دەداتە بەری چەپی مووسڵ


وەزارەتی كارەبای عێراق رای گەیاند، توانراوە بە هاوكاریی هەرێمی كوردستان وزەی كارەبا بۆ بەری چەپی شاری موسڵ دابین بكرێت.

قاسم فەهداوی وەزیری كارەبای عێراق لەوبارەوە و لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە بە هاوكاریی هەرێمی كوردستان، هێڵی گواستنەوەی كارەبای هەولێر-رۆژهەڵاتی مووسڵ (وێستگەی400 كەی ڤی) بخرێتەوە گەڕ كە كارەبا لە هەولێرەوە دەگەیەنێتە بەری چەپی شارەكە لە رێگەی وێستگەی 400 كەی ڤی رۆژهەڵاتی مووسڵ و بەكارخستنی بۆ یەكەم جار.

زیاتر وتی، بەو شێوەیە وێستگەكانی كارەبای بەری چەپی شاری مووسڵ كە بریتین لە ئینتیسار و یارمچە و قەرەقووش و تەحریر بەعوێزە و رەشیدیییە كارەبایان بۆ دابین دەكرێت.

لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە.