له‌ كوردستان هه‌وڵى وه‌به‌رهێنان له‌ بوارى شیر و به‌خێوكردنى مانگا ده‌درێت

له‌ ڕێگه‌ى چه‌ند كۆمپانیایه‌كى فڕه‌نسى هه‌وڵى وه‌به‌رهێنان ده‌درێت له‌ بوارى شیر و به‌خێوكردنى مانگا له‌ هه‌رێمى كوردستان.

به‌پێى هه‌واڵێكى ماڵپه‌ڕى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و جۆن فرانسوا میگابی راوێژكاری ئابووری له‌ كونسوڵخانه‌ی فڕه‌نسی له‌ هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.

به‌پێى هه‌واڵه‌كه‌، ئامانجی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بریتی بووه‌ له‌ پڕۆژه‌ی به‌خێوكردنی مانگاو به‌رهه‌مهێنانی شیر له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌رێی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت.

له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌، وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو پشتگیریی ته‌واوی بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ دووپات كرده‌وه‌ و پێشنیارى كردووه‌ چه‌ند مانگایه‌ك به‌سه‌ر جووتیاراندا دابه‌ش بكه‌ن و به‌ پێی گرێبه‌ست رۆژانه‌ به‌رهه‌می شیره‌كانیان لێ وه‌ربگرن و ئه‌وان له‌رێی كارگه‌ی شیره‌وه‌ به‌رهه‌می ماست و په‌نیر و جۆره‌كانی دیكه‌ی لێ دروست بكه‌ن.