رووستکردنی کڵاش یەکێکە لە پیشە کۆنەکانی دانیشتووانی ناوچەی هەورامانی کوردستان، بەڵام ساڵانێکە بە هۆی هاوردەکردنی کڵاشەوە لە وڵاتی ئێرانەوە ئەو پیشە دەستییە لەو ناوچەیە کەمی کردووە و ئەو هاووڵاتییانەشی ئەو کارەیان دەکرد نیگەرانن لە هاوردەکردنی کڵاشی ئێرانی.
لە ناوچەی هەورامان، خەڵکێکی زۆر سەرقاڵی کڵاشچنین بوون، بەڵام وەک باس دەکرێت لە ئێستادا ئەوانەی کڵاش دەچنن ناگەنە دە کەس و سەرجەمی ئەوانەی بەو کارەوە سەرقاڵ بوون وازیان هێناوە، ئەوەش بە هۆی هاوردەکردنی کڵاش لە ئێرانەوە کە نرخەکەشی هەرزانە و بازاڕی کڵاشی هەورامی کەم کردووەتەوە.
كەمال حسێن، دانیشتووی شارەدێی تەوێڵەیە لە ناوچەی هەورامان ڕاگەیاند، ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە خەریكی درووستكردنی كڵاش بووە كە لە باوكییەوە فێر بووە، بەڵام ماوەی 3 ساڵە وازی لەو ئیشە هێناوە.
وتیشی: ״بە هۆی ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا هاوردەكردنی كڵاش لە وڵاتی ئێرانەوە زۆر زۆر بوو بۆ هەورامان و باشووری كوردستان ئیتر ئەو ئیشەی ئێمە كەڵكی نەما، چونكە درووستكردنی كڵاش هیلاكی و ماندوبوونێكی زۆری دەوێت و قازانجێكی كەمیش دەمایەوە كە بەشی خەرجیی نەدەكرد.״
لەو هەموو وەستای کڵاشە کە لە هەورامان ئەو کارەیان دەکرد، ئێستا ئەوانەی سەرقاڵی کڵاشچنین ناگەنە دە کەس. کەمال حسێن وای وت.
کڵاشی هەورامی باشترین جۆری کڵاشە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا و نرخەکەی لە ٤٠ هەزارەوە دەست پێ دەکات تا ٩٠ هەزار، بەڵام ئەو کڵاشەی لە ئێرانەوە دێت نرخەکەی لە ٣٠ هەزارەوە دەست پێ دەکات تا ٦٠ هەزار. عوسمان محەمەد، كە وەستای كڵاشە و ماوەی 8 ساڵە ئەو كارە دەكات و لە ناحیەی بیارە نیشتەجێیە، ئاماژەی بەوە دا، لە چاو ساڵانی پێشوو کڕیاری کڵاشی هەورامی کەم بووەتەوە و هۆکارەکەشی هاوردەکردنی کڵاشی ئێرانییە.
ئەو کڵاشانەی لە ئێرانەوە دەهێنرێن ناتوانێت وەک کڵاشی هەورامی بێت نە لە چنیندا نە لە کەرەستەکاندا، بەڵام بە هۆی هەرزانییەکەیەوە خەڵک دەیانکڕێت. ئەمەش بە وتەی عوسمان محەمەد.
وتیشی: ״جگە لەوەش کڵاشەکان بە شێوەی قاچاخ دێنە ئەمدیو و گومرگ ناکرێن و ئەوەش هێندەی تر هەرزانیان دەکات.״
بەڵام ئەوانەی ئەو کڵاشانە لە ئێرانەوە دەهێنن خەڵکی ناوچەکانی تری هەرێم یان ئێران نین، بەڵکوو دانیشتووان یان ئەوانەی دوکانی فرۆشتنی کڵاشیان لە هەورامان هەیە خۆیان کڵاشی ئێرانی دەهێنن و بازاڕی کڵاشی هەورامییان شکاندووە.
لەمەودوا كە بەهارە هەموو هەفتەیەك دەچمە مەرز بۆ ئەوەی ئەو كڵاشانەی كڕیومن هاوردەیان بكەم و هەموو جارێک ٢٠٠ تا ٣٠٠ جووت کڵاش دەهێنم و لە بازاڕەكانی بیارە و تەوێڵە و هەڵەبجە و سلێمانی دەیانفرۆشمەوە، ماوەی 5 ساڵە خەریكی ئەم كارەم. ئەمە قسەی سیروان محەمەدە کە كاری هاوردەكردنی كڵاشە.
سیروان وتی: ״ئەو كڵاشەی لە هەورامانی دیوی ئێران درووست دەكرێت تایبەتە، چونكە وەستای شارەزای تێدایە و چنینەكەشی زۆربەی ئافرەتان لە ماڵەوە دەیچنن و دواتر وەستاكە لە دوكانەكەی ژێرەوەی كڵاشەكە و بەشی سەرەوەشی كە چنراوە ئامادە دەکات.״
هەرچەندە ئامارێکی ڕوون نییە کە ئاخۆ ساڵانە چەند کڵاش درووست دەکرێت و چەند لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، بەڵام وەک فرۆشیارانی کڵاش ئاماژەیان بۆ کرد ساڵانە دەیان هەزار جووت کڵاش لە سەرجەم بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێن.
ئاژانس