گەنجان وەك توێژێكی كاریگەر لەكۆمەڵگەدا، هەمیشە رۆڵێكی كاریگەریان هەبووە لەپێشخستنو ئاوەدانكردنەوەو بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵاتەكەیان. گەنجانی كوردیش هەمیشە هێزو توانایەكی باشیان هەبووە بۆ بەشداریكردن لە بووژانەوەی تەواوی كایەكانی كۆمەڵگە، بەڵام ئێستا ئەو توێژە رووبەڕووی چەندین كێشە بوونەتەوەو وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمیش ئاشكرایدەكات، لەڕێگەی شەش سەنتەری دەستەبەركردنی هەلی كارو حەوت سەنتەری راهێنانی پیشەییەوە، لەبوارە جیاجیاكانەوە دەرفەتی كاركردن بۆ گەنجانی هەرێم دەستەبەر دەكات.
پڕۆژەی قەرزی بچووك
هیوا عەلی سەرۆكی تۆڕی هاوپەیمانیی رێكخراوە نا حكومییەكانی كوردستان، سەبارەت بەكاری رێكخراوەكەیانو هاوكاریكردنی گەنجانەوە بۆ كوردستانی نوێ وتی: «لەكوردستان ژمارەیەكی بەرچاو رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی هەن، كە بە چەندین رێساو یاسا رێكخراونو مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە. ئێستاش زۆربەی هەرە زۆری ئەم رێكخراوانە كارو پڕۆژەی جۆراوجۆر بۆ گەنجان ئەنجام دەدەن، چ لەبواری هۆشیاریو پەروەردەییەوە بێت، یان لەبواری فێركردنو راهێنانی پیشەییەوە، یاخود لەبواری گفتوگۆكردن لەسەر رێساو یاساكانو بەستنی كۆنفرانسو فشار خستنەسەر دەسەڵاتەوە بێت، بۆیە ئێمە وەكو تۆڕەكەمان كە زیاتر لە (30) رێكخراوی مەدەنی لەخۆدەگرێت، چەندین كارو پڕۆژەی جیاوازمان بۆ گەنجانی شاری هەولێرو دەوروبەری ئەنجام داوە».
وتیشی: «پڕۆژەی پشتیوانی قەرزی بچووك بۆ بەرنامەو پڕۆژەی رێكخراوەكان، بەشێوەی كەم خایەنو سنوردار لەهاوكاری دارایی لەڕێگەی رێكخراوە بیانییەكانو هەندێ جاریش لەڕێگەی حكومەت لەچەند سێكتەرێكی جیاوازەوە ئاسانكارییەكی باش بووە بۆ خودی گەنجان كە لەم رێكخراوانەدا كار دەكەنو توانیویانە هەم سوود بە پەرەپێدانی تواناكانی خۆیانو هەمیش سوود بە كۆمەڵگەو بوارەكانی ئابووری وڵاتەكەمان بگەیەنن».
خولی هۆشیاریو راهێنانی پیشەیی
فێنك شەفیق دەرچووی زانكۆو چالاكوانی مەدەنی، سەبارەت بەگرفتەكانی ئێستای گەنجان لەكوردستان روونیكردەوە، بەهۆی قەیرانی داراییو شەڕی داعش لەناوچەكەدا توێژی گەنجان لەكوردستان رووبەڕووی چەندین گرفتی وەكو بێكاریو كەم دەرامەتیو گرفتی هاوسەرگیرییو سەختی ژیانو گوزەرانو دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوونو نا ئومێدییەكی زۆر بۆتەوە بەتایبەتی دوای تەواوكردنی خوێندنو هەلی دامەزراندنو كاركردن لەدامەزراوە حكومیو ئەهلییەكاندا، هەروەها كۆچكردنی گەنجان بەرەو هەندەران بۆتە گرفتێكی تر كە نیشتیمانی خۆیان جێبهێڵنو نەتوانن خزمەت بەوڵاتی خۆیان بكەن.
وتیشی: «پێویستە حكومەتی هەرێمو رێكخراوەكانو كۆمەڵگە بەگشتی كار بۆ خزمەتكردنو ئاسوودەییو سەرخستنی ئەم توێژە بكەن لە چەندین روویەكەوە، لەوانە: گرنگیدانی زیاتر بەبواری پەرەوەردەو فێركردن لەقۆناغەكانی خوێندنو فەراهەم كردنی دەرفەتی خوێندن بۆ خوێندكاران لەناوەوەو دەرەوەی كوردستانو كردنەوەی خولی هۆشیاریو راهێنانی پیشەیی لەبوارە جیاجیاكانی كۆمەڵگەو ئەنجامدانی توێژینەوەو بەستنی كۆنفرانسی ساڵانە لەسەر پرسی گەنجو داهاتووی ئەو توێژەو دەركردنی یاسای تازەی تایبەت بەكارو چالاكیو مافەكانی گەنجانو هەمواركردنەوەی هەموو ئەو یاسا كۆنانە كە كێشەو گرفت لەبەردەم گەنجان دروست دەكەن».
ئەو چالاكوانە ئاماژە بەوە دەكات، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانو مەدەنییەكانی هەرێمی كوردستان دەتوانن لەڕێگەی كردنەوەی خولو سیمینارو وۆرك شۆپی جۆراو جۆرەوە زیاتر كار بۆ هۆشیاركردنەوەی گەنجانو دەستەبەركردنی هەلی كارو دابینكردنی مافەكانیان بكەن، بۆ ئەوەی بیر لەكۆچكردن بەرەو هەندەران نەكەنەوە.
هێنانی كرێكاری بیانی
لای خۆیەوە، هێرو كەمال مافپەروەرو چالاكوانی مەدەنی، سەبارەت بەتواناو لێهاتوویی گەنجی كوردەوە دەڵێ: «لە تەواوی قۆناغەكانی مێژووی گەلەكەماندا گەنجانی كورد توانیویانە رۆڵی خۆیان لەبوارە جیاجیاكانی ژیانی سیاسیو ئابووریو كۆمەڵایەتیو فەرهەنگی میللەتەكەمان ببینن، شان بەشانی درێژەدان بەخەباتی سیاسیو نەتەوەیی، هەمیشە رۆڵی كارایان هەبوو لەبەرەو پێشبردنی كۆمەڵگەو بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریو پەرەپێدانی بواری وەبەرهێنان. هاوكات لەدوای ساڵی 2003ەوە حكومەتی هەرێم توانی دەرفەتێكی باش بۆ گەنجان بڕەخسێنی هەر لەپەرەپێدانی بواری راهێنانی پیشەییو دەستەبەركردنی هەلی كارو پێدانی قەرزی بچووك بەخاوەن پڕۆژەكانەوە، بەڵام لەدوو ساڵی رابردوودا گەنجان تووشی چەندین گرفتی وەكو بێكاریو كەم دەرامەتیو نا ئومێدی بوونەتەوە».
وتیشی: «ئێستا حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە دەرفەتی كاركردنو بواری وەبەرهێنانی ئابووری بۆ گەنجانو كرێكارانی ناوخۆ دەستەبەر بكات، بۆئەوەی بتوانن لەبواری بەرهەم هێنانو وەبەرهێنانی ئابوورییدا رۆڵی خۆیان ببیننو كار لەسەر زیادكردنی بەرهەمو داهاتی كوردستان بكەن، بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێم كار لەسەر ئەم لایەنە بكاتو دەرفەتی كاركردن لەبوارە جیاجیاكانەوە بۆ گەنجان بڕەخسێنێتو هاوكات پشت بەهێنانی كرێكاری بیانی نەبەستێت، بۆ بووژانەوەو خزمەتكردنی وڵاتەكەمان».
پشتبەستن بەكەرتی تایبەت
هاوكات هیران سیامەند دەرچووی زانكۆو چالاكوانی مەدەنی، سەبارەت بەڕۆڵی گەنج لەكایەكانی كۆمەڵگەوە وتی: «گەنج سەرمایەیەكی گەورەی پێشخستنی هەموو میللەتێكە، بەڵام گەنجی كورد جیاواز لەگەنجانی دونیا بووە بە كەسێكی پیرو فەرامۆشكراو، ئێستا رووبەڕووی چەندین كێشەو گرفتی خودیو بابەتیی بوونەتەوە، بۆیە ناتوانن بیر لەپڕۆژەو ئارەزووەكانیان بكەنەوەو هەوڵی بەدیهێنانیان بدەن، دواجار لەبڕی ئەوەی بیر لەخەمی داهاتووی گەلەكەیانو بووژانەوەی ئابووری وڵاتەكەیان بكەنەوە، زیاتر كار بۆ دابینكردنی ژیانی رۆژانەو بەسەربردنی كاتەكانیان لەپاركو باخچەكانو سەرقاڵ بوونیان بەكاری سیاسیو حیزبیەوە بەسەر دەبەن».
روونیشیكردەوە، ئەوەی گرنگە ئێستا حكومەتی هەرێم بۆ گەنجانی ئەنجام بدات، چارەسەركردنی كێشەی بێكارییە، بۆئەوەش دەبێت زیاتر پشت بەكەرتی تایبەت ببەسترێتو هانی وەبەرهێنەرانو سەرمایەگوزارانی ناوخۆو دەرەوە بدرێت، بۆئەوەی بتوانن سەرمایەكانیان لەكوردستان بخەنەگەڕو پڕۆژەی ئابووریو ستراتیژی لەبوارە جیاجیاكاندا جێبەجێبكەنو هاوردەكردنی كرێكاری بیانی كەم بكرێتەوەو خولی راهێنانی پیشەییو هۆشیاریو فێربوونی زمانو كۆمپیوتەر بۆ گەنجان بكرێتەوە.
دۆزینەوەی هەلی كاركردن
د.عارف حیتو بەڕێوەبەری گشتیی كارو دەستەبەری كۆمەڵایەتی لەوەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم، سەبارەت بەكاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر رەوشی كارو دەرفەتی كاركردنی گەنجان لەكوردستان رایگەیاند، لەدوو ساڵی رابردوودا قەیرانی دارایی بارگرانییەكی زۆری خستۆتە سەر دامودەزگاكانی حكومەتو كەرتی تایبەت، بەمەش دەبینین كەرتی تایبەت لەو ماوەیەدا بەشێكی زۆری پڕۆژەكانی كەمكردۆتەوە، بەمەش ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانو گەنجان لەم پڕۆژانەدا دوورخراونەتەوەو بێكار ماونەتەوە، بۆیە لەساڵانی (2014 و 2015)دا نزیكەی (13) هەزار كەس گرێبەستەكانیان لەكۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كۆتایی پێهاتووەو بۆیان تازە نەكراوەتەوە.
وتیشی: «بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرفتی بێكار بوونی ئەم ژمارە زۆرەی كرێكارانی كەرتی تایبەت، لەڕێگەی شەش سەنتەری دۆزینەوەی هەلی كار لەهەولێرو دهۆكو سلێمانیو گەرمیانو زاخۆو سۆرانەوە، توانیومانە لەسێ بوارەوە هەلی كار بۆ هەموو ئەو كەسانە دابین بكەین كە بێكار بوونەو دەیانەوێت لەكەرتی تایبەت كار بكەن، ئەوانیش لەڕێگەی سەردانیكردنی لیژنەكانمان بۆ كۆمپانیاكانو پڕۆژەكانی كەرتی تایبەتو هاوكات لەڕێگەی وێب سایتەكەمانەوە خاوەن كارو كۆمپانیاكانو هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بەیەكترەوە بكەنو پێداویستی خۆیان لەهێزی كار بۆ خۆیان دابین بكەنو دەرفەتی كاریش بۆ ژمارەیەكی زۆر لەكرێكاران دەستەبەر بكەن. رێگەی سێیەمیش ئاگادار كردنەوەو داواكاری پێداویستی كۆمپانیاكانە لە بەڕێوەبەرایەتیو لیژنەكانی بەكارخستنی سەر بەوەزارەتەكەمان بۆ ئەوەی هێزی كاریان بۆ ئامادە بكەین».
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی راشیگەیاند، لەساڵی 2015دا نزیكەی پێنج هەزارو 558 كرێكار كە ناوی خۆی تۆمار كردبوو لەكۆی ئەم ژمارەیە توانیمان دەرفەتی كار كردن بۆ نزیكەی (300) كەس دەستەبەر بكەین، هەروەها لەساڵی 2016 دا نزیكەی هەزار كرێكار كە ناوی خۆی تۆمار كردبوو لەكۆی ئەم ژمارەیە توانیمان دەرفەتی كاركردن بۆ نزیكەی (200) كەس دەستەبەر بكەین، هۆكاری كەمی ئەم ژمارەیەش بۆ كەمی ئەو مووچەی مانگانەیە دەگەڕێتەوە كە كۆمپانیاكان بۆ كرێكارەكانیان دیاری كردبوو.
باسی لەوەشكرد، بەمەبەستی پەرەپێدانی توانا مرۆییەكانو راهێنانی كرێكاران لەسەر پێشە جۆراوجۆرەكان، حەوت سەنتەری راهێنانی پیشەییان لەسەرتاسەری كوردستاندا هەیە، كە توانیویانە ژمارەیەكی زۆر لەكرێكاری كارامەو راهێنراو لەبوارە جیاجیاكانەوە ئامادە بكەنو رەوانەی بازاڕی كاریان بكەن، بەجۆرێك لەساڵی (2015)داو لەڕێگەی پڕۆژەی پێدانی قەرزی بچووك بەهاووڵاتیانەوە توانیمان بەشێك لەم كرێكارە راهێنراوانە لەم پڕۆژەیە سوودمەند بكەین كە بڕەكەی لەنێوان (10 – 15) ملیۆن دینار بوو بۆ هەر پڕۆژەیەك كە دواتر خاوەن پڕۆژەكە بەشێوەی قیست بۆ ماوەی شەش ساڵ بۆ حكومەتی هەرێم دەیگەڕێنێتەوە.
کوردستانی نوێ