رێگای مەرزی کێلێ بە ڕێگایەکی ستراتژی سەیردەکرێت بەهۆی بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بە وڵاتی ئێران، هەروەها بەتەواوکردنی ئەم ڕێگایە بیانوی بە نێودەوڵەتی نەکردنی مەرزی کێلێ نامێنێت .
لەبارەی دەستکردن بە قیرتاوکردنی ڕێگای مەرزی کێلێ ئەندازیار ( بەختیار ئەحمەد ) بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی ڕێگاو بانی ڕاپەڕین بە PUKmedia ی ڕاگەیاند: لەسەر فەرمانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دوێنێ ۱۲/٤/۲٠۱۷ پڕۆژەکە دەستی بەکارەکانی کرد کە درێژی ڕێگاکە ۱٦ کیلۆ مەترە بڕی ۷ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە ، هەروەها وتیشی: پڕۆژەکە پێکهاتوە لە چینێک تێکەڵە بە ئەستوری ۱٥ سم و چینێک بەردی شکاو بە ئەستوری ۱٥ سم و چینێک قیڕ لە جۆری ستابلایز بە ئەستوری ۱٠ سم و چینێک قیڕی جۆری بایندەری بولیمەری بە ئەستوری ۸ سم لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی ڕێگا.
هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند: پڕۆژەکە بەشێوازی ڕاستەوخۆ لەلایەن هەردوو بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی ڕێگاو بانی ڕاپەڕین و سلێمانی جێبەجێ دەکرێت.
شایەنی باسە بریار وایە تاوەکوو مانگی ۱٠ ئەمساڵ سەرجەم کارەکانی ڕێگاکە تەواو بکرێت و دوا بەدوای ئەمەش بیانوەکانی نەبونی ڕێگایەکی مۆدێرن بۆ بەنێو دەوڵەتی کردنی مەرزەکە لە لای لایەنە پەیوەندی دارەکانی ئێران و عێڕاق نامێنێت و بەکردنە نێودەوڵەتی کردنی مەرزی کێلێ لە ڕوی ئابوریەوە جمجۆڵێکی زیاتری ئابوری دەکەوێتە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین .