وەزارەتی كشتوكاڵ ڕوونكردنەوە لەسەر گرانبوونی نرخی تەماتە دەدات

 
 وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم ڕوونكردنەوەیەك لەسەر گرانبوونی نرخی تەماتە دەدات‌و رایدەگەیەنێت، ئێمە هیچ باجێكمان لەسەر هاوردەكردنی تەماتە دانەناوە.

وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، كە ماوەیەكە نرخی تەماتە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە‌و ئەوەش بۆتە بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان، بەشێك لە هاوڵاتیانیش پێیانوایە هۆكارەكەی پەیڕەوكردنی سیستمی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیە، كە خۆی لە دانانی باج‌و رسومات لەسەر بەرهەمی هاوردە دەبینێتەوە، كە بۆتەهۆی گرانبوونی نرخی ئەو بەرهەمە.

ئەوەشی ڕوونكردۆتەوە، تا ئەو كاتەی بەرهەمی تەماتەی خۆماڵی پێدەگات، باج لەسەر بەرهەمی تەماتەی هاوردە دانانێن‌و بەرزبوونەوەی نرخی تەماتەش هۆكارەكەی پەیوەندی بە هیچ بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵەوە نییە.

وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە ئێستادا هیچ بەرهەمێكی تەماتەی خۆماڵی پێنەگەیشتووە‌و ئەوەی هەیە هاوردەكراوە، بۆیە نرخەكەی بەرزبۆتەوە، لەگەڵ پێگەیشتنی تەماتەی خۆماڵیشدا نرخەكە دێتە خوارەوە.