فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی كۆنفرانس و پێشانگا رێكدەخات

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سەرەتای مانگی داهاتوو كۆنفرانسێكی فراوان ئەنجامدەدات. 

تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی  راگەیاند سەرجەم فڕۆكەخانە و كۆمپانیاكانی گەشتوگوزاری عیراق و هۆتێلەكان كۆنفرانس و پێشانگایەك رێكدەخەن.

تاهیر عەبدوڵا وتیشی: وەزیری گواستنەوەی عێراق و وەزیری گواستنەوەی حکومەتی هەرێم و پارێزگاری سلێمانی بەشدارن، هیوادارم ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و دەستەی گەشتوگوزار و کەسایەتیەکانی شاری سلێمانی بەشداری لە کۆنفرانسەکە بکەن و بێن لەنزیکەوە بزانن تواناکانی فرۆکەخانەی سلێمانی چیە.

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد: “لەم کۆڕبەند و پێشەنگایەدا چەندین بیرۆکەی نوێ دەخرێتەڕوو، ئەو کۆمپانیا  گەشتیاریانەی بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن لەگەڵ ئۆتیل و ڕیستورانتەکان ئۆفەری تایبەتیان دەبێت بۆ دابەزاندنی نرخەکانیان بۆ گروپی گەشتیاری و ئەو کەسانەی دێنە شاری سلێمانی و ئەو کەسانەی سەفەر دەکەن بۆ وڵاتانی تر”.

تاهیر عەبدوڵا وتیشی: هیوادارین لەم کۆنفرانسەدا بتوانین برو بدەین بە جوڵەی گەشتیاری و گواستنەوەی کەلوپەل و شتومەکی کۆمپانیاکان و بازرگانان لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.