سلێمانی.. بڕێكی زۆر خۆراكی به‌سه‌رچوو له‌ناو ده‌برێت

 
لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ستبه‌سه‌ر بڕێكی زۆر  خۆراكی ماوه‌ به‌سه‌رچوودا ده‌گرێت و سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌له‌ف رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌ هۆی نه‌شیاوی بۆ خواردن له‌لایه‌ن قائیمقامی سلێمانیه‌وه‌ بڕیاری له‌ناوبردنی دراوه‌.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11-4-2017 خالید محمد  سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌له‌فی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ستی گرتووه‌ به‌سه‌ر بڕێكی زۆر له‌ خۆراكی ماوه‌ به‌سه‌ر چوو، كه‌ له‌لایه‌ن ئاسایشی ئابوورییه‌وه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی لێ ئاگاداركرده‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ بڕوجۆری ئه‌و خۆراكانه‌ خالید محمد وتیشی: له‌ئه‌نجامی پشكنینی رۆژانه‌ی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ست ده‌گیرێت به‌سه‌ر چه‌ندین جۆر خۆراك و مادده‌ی ماوه‌ به‌سه‌رچوو، ئه‌مڕۆش  زیاتر له‌ تۆنێك زه‌یتون كه‌ ماوه‌ی به‌كارهێنانی به‌سه‌ر چووه‌، هه‌روه‌ها زیاتر له‌سه‌د كیلۆ خورما كه‌ كه‌ڕووی كردووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك خۆراكی تر كه‌ كه‌ شیاوی خواردن و به‌كارهێنان نییه‌.

سه‌رۆكی لیژنه‌ ته‌له‌ف ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی، سه‌رجه‌می  ئه‌و خۆرك و مادده‌ ماوه‌ به‌سه‌رچوانه‌ له‌ ناوچه‌ی تانجه‌ڕۆی شاری سلێمانی و به‌سه‌رپه‌رشتی لیژنه‌ی ته‌له‌ف له‌ناوبران.