دوابەدوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی بوونی برنجی پلاستیكی لە بازارەكاندا،لەلایەن لیژنەكانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە بەهاوكاری لەگەڵ كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی، بەدواداچوون بۆ جۆرەكانی برنج لەشاری سلێمانی دەكرێت.
بەپێی وتەی لەشكر حەمید سەرپەرشتیاری لیژنەكانی تەندروستی سلێمانی پشكنین بۆ سەرجەم جۆرەكانی برنج لە شاری سلێمانی كراوە و دەركەوتوە كە شیاون و هیچ موادێكی پلاستیكیان تێدا نی یە.
ئەو وتی:” دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەكەمانەوە نمونەی سەرجەم برنجەكانمان لە پارێزگای سلێمانی وەرگرت، پاشان بە سێ نوسراوی فەرمی لە بەرواری ۲/۱/۲٠۱۷ دا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتیمانەوە ئاراستەی زانكۆی سلێمانی/ كۆلێجی زانستە كشتو كاڵییەكان بەشی زانستی خۆاراك كرا بەمەبەستی ئەنجامدانی پشكنینی زانستی”.
وتیشی:” دوای ئەنجامدانی پشكنینەكانی وەك یۆد و مایكرۆسكۆبی و ئەمیلۆگرافی و گەشەی كەڕو و بەرگری برنجەكان بۆ پلەی گەرمی لەلایەن دكتۆرە پسپۆرەكانەوە، بەسوپاسەوە بە نوسراوێكی فەرمی ئاگادار كراینەوە كە سەرجەم برنجەكان شیاون و هیچ موادێكی پلاستیكی لە پێكهاتەكەیاندا نی یە”.
سەرپەرشتیاری لیژنەكانی تەندروستی سلێمانی جەختیشیكردەوە، وەكو لیژنەی تەندروستی و خۆراك دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیانی خۆمان كە بەدواداچوون بۆ هەموو خۆراكێك دەكەین كە گومانی لەسەر بێت یاخود زیان بە تەندروستی گشتی بگەیەنێت.
|