حه‌وت وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌ گه‌وره‌كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی حه‌وت وڵاته‌ پیشه‌سازییه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ جیهان (جی حه‌وت) له‌ هه‌رێمی توسكانی ناوه‌ڕاستی ئیتالیا كۆببنه‌وه‌، چاوه‌ڕوانده‌كرێت وڵاتانی ئه‌وروپا و ژاپۆن سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند كێشه‌یه‌ك له‌وانه‌ش سوریا داوای‌ ڕونكردنه‌وه‌ له‌ واشنتۆن بكه‌ن.



به‌پێی ئاژانسی‌ رۆیته‌رز، كۆبوونه‌وه‌ ساڵانه‌كه‌ دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت و له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گروپی كه‌شتیگه‌لی هێرشبه‌ری خۆی به‌ره‌و نیمچه‌ دوورگه‌ی كۆریا جوڵاندووه‌ له‌ناو نیگه‌رانییه‌كان له‌باره‌ی خواسته‌ ئه‌تۆمییه‌كانی كۆریای باكوورو زیاتر ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی رۆژئاوا له‌گه‌ڵ ڕوسیا.  



به‌ڵام پێده‌چێت شه‌ڕی سوریا باڵ به‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كاندا بكێشێت، ئیتاڵیا هیواداره‌ له‌ به‌یاننامه‌ی كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختبكاته‌وه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕی شه‌ش ساڵه‌ی سوریا. 



كۆبوونه‌وه‌كه‌ یه‌كه‌مین چانس ده‌به‌خشێت به‌ ئیتاڵیا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا، به‌ریتانیا، كه‌نه‌دا و ژاپۆن بۆ پرسیاركردن له‌ رێكس تیله‌رسۆن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نوێی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه‌ ئایا واشنتۆن ئێستا پابه‌نده‌ به‌ ڕووخاندنی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سوریا، یان نا. 



 دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، پێشتر ئاماژه‌یكردبوو به‌وه‌ی ئه‌و له‌ سه‌رۆكه‌كانی پێش خۆی “كه‌متر ده‌ستوه‌رده‌داته‌ پێشێلكارییه‌كان له‌دژی مافه‌كانی مرۆڤ و چاوی خۆی ده‌نوقێنێت ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌یدا بێت”. 



به‌پێی رۆیته‌رز، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌، هێرشه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردووی  واشنتۆن بۆ سه‌ر سوریا له‌تۆڵه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی  كیمیایی له‌لایه‌ن رژێمی به‌شار ئه‌ه‌سه‌ده‌وه‌ له‌دژی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ دیپلۆماتكارانی سه‌رسام كردووه‌، نادڵنیاییه‌ك هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا  ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت ئه‌سه‌د له‌ فه‌رمانڕه‌وایی سوریا دووربخرێته‌وه‌ یان نا.



نیكی  هالی، باڵیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا ڕایگه‌یاند  كه‌ گۆڕینی رژێمی سوریا ئه‌وله‌وییه‌تی ئیداره‌ی  تره‌مپه‌، به‌ڵام تیله‌رسۆن دوێنێ ڕایگه‌یاند ئه‌وله‌وییه‌ت بریتیه‌ له‌ تێكشكاندنی داعش. 



هه‌روه‌ها “ململانێ له‌گه‌ڵ تیرۆریزم و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران و سه‌قامگیری له‌  لیبیا و ئۆكرانیا” ته‌وه‌ری دیكه‌ی كۆبووونه‌وه‌كان ده‌بێت. 



چاوه‌ڕوانده‌كرێت  كاتژمێر 5:30 خوله‌كی سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مرۆ به‌ كاتی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ستپێبكات.