بەهۆی بەهێزی خواست و ناجێگیری سیاسی لە سوریا، ئەمرۆ نرخی نەوتی خاو كەمێك بەرزبووەوە.
بەپێی ڕۆیتەرس، (هەتا كاتژمێر پێنج و 26 خولەكی سەرلەبەیانی ئەمرۆ بەكاتی هەرێمی كوردستان) نرخی گرێبەستە ئایندەییەكانی نەوتی خاوی برنت چوار سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێكی بە 55 دۆلار و 28 سەنت فرۆشرا.
هەروەها نەوتی خاوی گرێبەستە ئایندەییەكانی نەوتی خاوی رۆژئاوای تەكساس 10 سەنت بەرزبوووەوە و بەرمیلێكی بە 52 دۆلار و 34 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.
هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخەكانی نەوتی خاو بریتیە لە بەهێزبوونی خواست لەسەر كڕینی نەوتی خاو هەرەها ناجێگیری سیاسی لەدوای گورزە مووشەكییەكانی ویلایەتە یەمكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ سەر سوریا.
كۆتایی مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو، ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك، گەیشتنە رێكەوتن لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوەش یەكەمین ڕێكەوتنی لەو شێوەیەی ئەو وڵاتانەیە لەدوای ساڵی 2008ەوە.
دواتر بەرهەمهێنەرانی نەوت لە رێكخراوی ئۆپیك و وڵاتانی دەرەوەی رێكخراوەكە كە 11 وڵاتن، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2001ەوە رێكەوتن بەهاوبەشی بەرهەمهێنانی نەوت سنوردار بكەن ئەوەش بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی كەڵەكەبوونی نەوتی خاو.
بۆ راوەستاندنی دابەزینی نرخەكانی نەوتی خاو، ئەندامانی رێكخراوی ئۆپیك لەگەڵ ئەوەدان رێكەوتنەكە درێژێژبكرێتەوە، كە ئامانج لێی هاوسەنگ كردنی بازاڕی نەوتە و لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا وادەكەی بەسەردەچێت.
بەپێی رێكەوتنەكە 14 وڵاتەكەی ئەندامی رێكخراوی ئۆپیك 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە كەم دەكەنەوەو بەوەش كۆی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی ئەو وڵاتانە كەمدەبێتەوە بۆ 32.5 ملیۆن بەرمیل.
رێكەوتنەكانی وڵاتانی ئۆپیك و دەرەوەی ئۆپیك، رۆژانە ملیۆنێك و 800 هەزار بەرمیل هەناردەی رۆژانە كەمدەكاتەوە، بە جۆرێك دەرەوەی ئۆپیك 600 هەزار بەرمیل رۆژانە هەناردە كەمدەكەنەوەو وڵاتانی ئۆپیكیش ملیۆنێك و 200 هەزار كەمدەكەنەوە.
خەندان