سێهه‌مین خاڵی سنووری له‌ نێوان ئێران و تورکیا کرایه‌وه‌

به‌ به‌شداری بینالی یه‌لدریم، سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا و به‌رپرسانی باڵای ئه‌م وڵاته‌ سێهه‌م مەرزی بازرگانی گه‌وره‌ی نێوان ئێران و تورکیا له‌ پارێزگای هه‌کاری ده‌ستی به‌ کار کرد.

بۆڵنت تۆفکنچی، وه‌زیری گومرۆک و بازرگانی تورکیا له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا ڕایگه‌یاند: ڕێچکه‌ی ئابووری عه‌سه‌نده‌ڕه‌، سێهه‌مین مەرزی بازرگانی و سنووری گه‌وره‌ی نێوان ئێران و تورکیایه‌، ئه‌ویش له‌ دوای دوو مەرزی گه‌وره‌ی دیکه‌ به‌ ناوه‌کانی گوربولاق و کاپی کۆی.

ئه‌و ئاماژه‌ی دا که‌ نوێژه‌ن کردنه‌وه‌ی ئه‌م مەرزە ده‌بێته‌ هۆی په‌یوه‌ندی بازرگانی باشتری هه‌ر دوو وڵات و وتی: له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌م که‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌شی توریسمی پارێزگای هه‌کاری به‌هێز ده‌کات. ئێران له‌ ڕیزی ئه‌و وڵاتانه‌ دایه‌ که‌ زیاترین هه‌نارده‌ کردن و هاورده‌ کردنی له‌گه‌ڵ تورکیادا هه‌یه‌.

وه‌زیری گومرۆک و بازرگانی تورکیا ئاماژه‌ی دا: له‌م مەرزەوە جگه‌ له‌ کاری بازه‌رگانی، ساڵانه‌ ۹۰ هه‌زار ئۆتۆمبیل و ۴۰۰ هه‌زار گه‌شتیار هات و چوو ده‌که‌ن.
 
ئاژانسی مێهر