پەیدابوونی مێروویەكو بڵاوبوونەوەی لەناحیەی سەنگاودا، جووتیارانی سنوورەكەی خستۆتە ترسو دڵەڕاوكێیەكی زۆرەوەو داواكارن لەلایەنی پەیوەندیدار قڕكەری مێروویان بدرێتێ.
جووتیارانی ئەو سنوورە دەڵێن: «ئەو جۆرە مێرووە ئافاتێكی كشتوكاڵییەو ئەگەر رێگری لێ نەكرێت، ئەوا بەرهەمی گەنمو جۆی ئەمساڵ نابێتو زیانێكی زۆر لەو بەرهەمانە دەدات».
هاوكات ئەندازیارێكی كشتوكاڵیش روونیدەكاتەوە، ئەو جۆرە مێرووە هەرچەند زۆر بێت، هیچ زیانێكی كشتوكاڵی بەدوای خۆیدا ناهێنێت، بۆیە پێویست ناكات جووتیاران خۆیان توشی دڵەڕاوكێ بكەن.
وتیشی: «بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ماوەی دوو ساڵە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم هیچ جۆرە دەرمانێكی قەڵاچۆكردنو گەشەی كشتوكاڵی دابەش نەكردووە».
لە شێوەی سنوكیسەڵەیە
كۆسرەت جەمال یەكێك لە گوندنشینەكانی سنووری ناحیەی سەنگاو بۆ كوردستانی نوێ وتی: «ژمارەیەكی زۆر مێروو بڵاوبۆتەوە، كە ترسو دڵەڕاوكێی لای جووتیارانی سنوورەكە دروستكردووە، بۆیە دەخوازین حكومەتی هەرێم بەپەلە بەدواداچوون بۆ هۆكاری بڵاوبوونەوەی ئەو مێرووانە بكاتو هاوكات دڵنیایی بداتە جووتیاران لە مەترسی یاخود بێ زیانی مێرووەكان، چونكە جووتیاران خەمی لەدەستدانی بەرهەمی ئەمساڵن بەهۆی ئەو مێرووانەوە».
لای خۆیەوە، مەحموود ئەحمەد كە جووتیارێكی سنوورەكەیە روونیدەكاتەوە، لە تەواوی كێڵگە كشتوكاڵییەكانی سەنگاودا ئەو مێرووانە بڵاوبوونەتەوە، كە جۆرو شێوەكەی كەم كەس بینیویەتیو زۆر لە شێوەی سنوكیسەڵە دەچێت. بۆیە ئەگەر ئەو مێرووە زیانبەخش بێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاران لەسنوورەكەدا زۆر خراپ دەبێتو كۆناكرێتەوە.
دەرمانی قەڵاچۆكردن دابەش ناكرێت
پشتیوان فاتیح ئەندازیاری كشتوكاڵیو لێپرسراوی پاراستنی رووەك لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت، ئەو مێرووە هەرچەند لەشێوەی سنوكێسەڵەدایە، بەڵام جووتیاران لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە هیچ زیانێك لە بەرهەمیان ناكەوێت.
سەبارەت بە ئەگەری هەر مەترسییەك بۆ سەر لەناوچوونی بەرهەمی گەنمو جۆی ئەمساڵی ئەو جووتیارانە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە مێرووەو دابینكردنی قڕكەری مێروو، ئەو ئەندازیارە كشتوكاڵییە وتی: «بەدڵنیاییەوە ئەو مێرووە زیان بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان ناگەیەنێت، هاوكات بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەزارەتی كشتوكاڵ نەیتوانیوە دەرمانی قەڵاچۆكردن بۆ جووتیاران دابین بكات».
بەپێی زانیارییەكان، ئەو مێرووەی لە سنووری ناحیەی سەنگاودا بڵاوبۆتەوەو ناوی (خەرتەلە خۆرەیە)، هیچ جۆرە زیانێك بە كەرتی كشتوكاڵی ناگەیەنێتو هاوشێوەی مێرووی سنوكیسەڵە لەناوەڕاستی مانگی چواردا لەناوچە شاخاوییەكانەوە بەرەو كێڵگە كشتوكاڵییەكان كۆچ دەكەن.