له‌سه‌ر بنه‌مای‌ GDP كوردستان چه‌نـــــــده‌هه‌مین هێزی‌ ئابوری‌ جیهانه‌؟

 
خاوه‌ن كارانی‌ كوردستان له‌و ئامارانه‌ به‌گومانن كه‌ سه‌باره‌ت به‌كۆی به‌رهه‌می خۆماڵی Gross domestic product – GDPی‌ كوردستان تا ئێستا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وان ده‌ڵێن زۆر چالاكی ئابووری له‌كوردستان تۆمار ناكرێن‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكخراو باج وه‌رناگرێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات خستنه‌ڕووی‌ ژماره‌ی GDP له‌كوردستاندا قورس بێت.

كۆی به‌رهه‌می خۆماڵی (GDP) به‌كاردێ بۆ پێوانی گه‌شه‌و باری‌ ئابوری، كه‌ به‌های‌ ته‌واوی‌ كاڵا‌و ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ له‌خۆده‌گرێ‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵێكدا له‌وڵاتێكدا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. چه‌ندین فاكته‌ری‌ جیاواز كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كۆی به‌رهه‌می خۆماڵی‌ ده‌بێت، بۆ نمونه‌ چه‌ندایه‌تی‌‌و جۆرو چۆنیه‌تی كاڵاكان، پێشكه‌وتنی زانست‌و ته‌كنیك‌و ته‌كنه‌لۆژیا‌و قه‌باره‌ی‌ پێداویستی بازاڕ. گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ گه‌شه‌ی‌ به‌رهه‌می‌ خۆماڵی‌ به‌پێوه‌ری‌ گشتی‌ یان سه‌رانه‌ ده‌پێورێت. 

فه‌رمانگه‌ی ئامار له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003 به‌دواوه‌ ساڵانه‌ كۆی‌ به‌رهه‌می خۆماڵی‌ (GDP) له‌هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندوه‌ه‌، بۆ نمونه‌ كاتێك كه‌ بوژانه‌وه‌ی‌ ئابوری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا له‌ترۆپكدا بوو، دوا ئامار له‌باره‌ی GDP له‌كۆتایی ساڵی 2011دا راگه‌یه‌نرا كه‌ كۆی‌ چالاكیی ئابووری له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ 20 ملیار دۆلار خه‌مڵێنرا. 

بۆ ساڵی‌ دواتر به‌پێی لیستیGDPی سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، كوردستان وه‌ك 103 هه‌مین هێزی ئابووری له‌جیهاندا ئاماژه‌ی‌ بۆ كرا. له‌ماوه‌ی نێوان ساڵانی‌ 2003  تا 2014 كۆی‌ به‌رهه‌می‌ خۆماڵی‌ زیادبونێكی‌ به‌رچاوی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینی‌، ژماره‌ی‌ خانوو ژماره‌ی‌ ئۆتۆمبێل‌و ژماره‌ی‌ كارگه‌و رێگه‌وبان‌و نه‌خۆشخانه‌و بازاڕو ئوتێل زیادیان كردو موچه‌و داهاتی‌ تاكه‌كه‌س له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رز بونه‌وه‌یان به‌خۆیانه‌وه‌ بینی‌، به‌ڵام به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ ده‌ره‌نجامی‌ گه‌شه‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت نه‌بوون، به‌ڵكو به‌هۆی‌ دابینكردنی‌ بودجه‌ی‌ ساڵانه‌وه‌ له‌به‌غداوه‌ به‌دیهاتن. 

كه‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم زیاتر له‌نیوه‌ی‌ كۆی‌ به‌رهه‌می‌ خۆماڵی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ پێكهێناوه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ وڵاتانی‌ خاوه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ به‌هێزی‌ ئابوری‌ كه‌ بودجه‌كه‌یان ته‌نها به‌شێكی‌ دیاریكراوی‌ كه‌می‌ له‌كۆی‌ به‌رهه‌می‌ خۆماڵییان پێكهێناوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ خه‌رجییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌رنامه‌ڕێژ نه‌كراوه‌و ته‌خشان‌و په‌خشان كردنی‌ پێوه‌ دیاره‌. 

دیاره‌ له‌دوای‌ بڕینی‌ بودجه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ به‌غداو هه‌ڵگیرسانی‌ شه‌ڕی‌ داعش‌و دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت‌و پاشه‌كشه‌ی‌ گه‌شتیارییه‌وه‌، گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا روبه‌ڕوی‌ نه‌ك خاو بونه‌وه‌، به‌ڵكو پاشه‌كشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ بوه‌ته‌وه‌. ژماره‌و ئاماره‌كان سه‌باره‌ت به‌كۆی‌ به‌رهه‌می‌ خۆماڵی‌ GDP گۆڕانكارییه‌كی‌ گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا هاتووه‌. 

هه‌موو وڵاتان بۆ سه‌رنجڕاكێشانی‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ ده‌ره‌وه‌ پێویستییان به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ راست‌و دروسته‌ سه‌باره‌ت به‌به‌رهه‌می‌ خۆماڵییان GDP، ئه‌مه‌ ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌نجامی‌ بدەن.
 
گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی